دادگاكانی عێراق لە ماوەی سێ مانگدا 1896 مامەڵەی هاوسەرگیریی دووەمیان كردووە، وەك ئەوەی لە ئامارێكی فەرمیدا هاتووە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئامارێكی بۆ مامەڵە ئەنجامدراوەكانی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ (كانونی دووەم، شوبات و ئازار)ی ڕابردوو بڵاوكردەوە و دەڵێت كۆی مامەڵەكان شەش هەزار و 30 مامەڵە بووە.
لەو ژمارەیە هەزار و 896 مامەڵەیان تایبەت بووە بە ڕێگەپێدانی هێنانی ژنی دووەم.
هەر بەپێی ئامارەكە زۆرترین داواكاری بۆ هاوسەرگیریی دووەمجار لە موسڵ بووە بە 339 حاڵەت، دوای ئەو بەسڕە 222، پاشان سەڵاحەدین كە 196 مامەڵە ئەنجامدراون.
هەروەك هۆكاری زیادبوونی ژمارەی هاوسەرگیری دووەمی بۆ چەند هۆكارێك گەڕاندووەتەوە لەوانە، كێشەی منداڵنەبوون یان تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان، هەروەها ویستی پیاو بۆ هاوسەرگیریی دووەم بەهۆیی باشبوونی بارودۆخی ئابورییەوە.