لایەنە ناڕازییەكانی عێراق بۆ “ئێستا”: ڕێككەوتن نەكرێت ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕەتدەكەینەوە

هەریەک لە نوری مالکی و هادی عامری و قەیس خەزعەلی و حەیدەر عەبادی و عەمار حەکیم، هەڕەشەی ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكەن و دەڵێن، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕەتدەكەنەوە.

لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا، ئەسعەد مورشدی، سەركردە لە هاوپەیمانیی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و یەكێكە لە لایەنە سەرەكییەكانی ناو “چوارچێوەی هەماهەنگی” كە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ناڕازین، ئاشكرایكرد، “ئەگەر داواكارییەكانمان ڕەچاونەكرێن، ئەوا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕەتدەكەینەوە”.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێشوەختەكەی 10 مانگی ڕابردووی عێراقدا، جگە لە ڕەوتی سەدر كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات و بەپێی ئەنجامە بەراییەكان 73 كورسی بەدەستهێناوە، لایەنە شیعییەكانی تر گورزیان بەركەوت و دەنگەكانیان بەڕێژەیەكی چاوەڕواننەكراو كەمیانكرد، ئەنجامێك، كە ئەو لایەنانەی لەژێر چەترێكدا بەناوی “چوارچێوەی هەماهەنگی”  كۆكردەوە و بەردەوام لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی دۆخەكە لە بەرژەوەندیی خۆیان.

لایەنەكانی ناو “چوارچێوەی هەماهەنگی” كە پێكهاتوون لە دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی فەتح و پارتی فەزیلە و بزوتنەوەی عەتا و هاوپەیمانیی هێزەكانی دەوڵەت، چاوەڕوانی ئەوە بوون ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردن، هاوكێشەكە لەبەرژەوەندیی ئەوان بگۆڕێت و دەنگەكانیان زیادبكەن، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو گۆڕانەی دەركەوت، زیادبوونی ژمارەی دەنگەكانی بەشێك لە كاندیدە براوەكانی لایەنەكانی تر بوو، ئەوەش لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتاییهاتنی وادەی تانەگرتن لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئەو لایەنانەی بێئومێدكرد.

سەركردەكەی هاوپەیمانیی فەتح بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “عەمار حەكیم و ئێران و وڵاتانی هەرێمی، چەند پێشنیازێكیان خستووەتەڕوو بۆ گەیشتن بە چارەسەر، دەیانەوێت شیعەكان لەنێو خۆیاندا لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە ڕێكبكەون، چونكە ئەمجارە كێشەكە لەناو خوودی ماڵی شیعەدایە، بۆیە چاوەڕوانین ئەو پێشنیازانە بەدیبهێنرێن و كۆمسیۆن ساختەكارییەكانی هەڵبژاردن ڕاستبكاتەوە”.

لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوكاتی بێئومێدبوونیان لەوەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردن، ژمارەی كورسییەكانیان زیادبكات، دەیانەوێت لە ڕێگەیەكی ترەوە پێگەی خۆیان بەهێزبكەنەوە، ئەویش وەك خۆیان دەڵێن، “پێدانی پۆستە لە حكومەتی نوێدا لەسەر بنەمای ڕۆڵ و كاریگەرییان لە پرۆسەی سیاسی و سەربازیی عێراقدا، نەك ژمارەی كورسییەكانیان”.

مورشدی پێیوایە ئەوەی كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕوودەدات، جێبەجێكردنی بڕیارەكەیانە و دواجار ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕەتدەكەنەوە، چونكە وەك خۆی وتی، “پێموانییە كۆمسیۆن دۆخەكە چاكبكاتەوە، چونكە ئەوكات هەموو ساختەكارییەكان ئاشكرادەبن و بەوەش هەڵبژاردن پووچەڵدەبێتەوە، بۆیە ئەوەی من پێشبینی دەكەم، ئەوەیە كە ئێمە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕەتدەكەینەوە”.

هاوكاتی قسەكانی مورشدی بۆ ئێستا، موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، “حكومەتی زۆرینەی سیاسی پێكدەهێنین، یان دەبین بە ئۆپۆزسیۆن”، بە واتای ئەوەی ڕەوتی سەدر پشكپشكێنە قبوڵناكات و ناچێتە ژێرباری داواكەی چوارچێوەی هەماهەنگی، كە داوای پۆست بەدەر لە پێوەری ژمارەی دەنگەكانیان دەكەن.

بابەتی پێشتر

كازمی و سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا لەبارەی كۆچبەرانەوە گفتوگۆیانكرد

بابەتی دواتر

وتەبێژی حکومەتی هەرێم: زیاتر لە 10 قاچاخچی دەستگیرکراون

بابەتی پەیوەندیدار