قەیرانی ئابوریی لوبنان سەختتربووە، بەهای لیرە زیاتر دابەزی و نرخی خۆراك و شمەك تا دێت بەرزتردەبێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی ئابوریی لوبنان ڕایگەیاند، نرخی نان بەرزبووەتەوە و دەستەیەك نانی بچووك نرخەكەی گەیشتووەتە نۆ هەزار لیرە، نانی مامناوەندیش دەستەیەكی بە نزیكەی 16 هەزار لیرەیە.
هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخەكان و بە تایبەت نان، دابەزینی زیاتری بەهای لیرەی لوبنانییە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، بە ڕادەیەك كە یەك دۆلار بە 37 هەزار و 700 لیرەیە.
دابەزینی بەهای لیرە، كاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی زۆربەی شمەك و كاڵاكان لەو وڵاتە هەیە، وەزارەتی ئابوری و دارایی لوبنان دەڵێت، نرخی ئارد، سووتەمەنی و تێچووی گواستنەوە بەرزبوونەتەوە.
سەرباری قەیرانی ئابوری لە ناوخۆی لوبنان-دا، جەنگی ئۆكرانیا كە وڵاتەكە یەكێكبوو لە سەرەكیترین وڵاتانی هەناردەكاری گەنم، نرخی نانی لە لوبنان بەرزكردووەتەوە و خەڵكی وڵاتەكە بە ئاسانی دەستیان بە نان ناگات.