ڕاوێژكارێكی سەربازیی عێراق دەڵێت، داعش دۆخی ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد بۆ هێرشە تیرۆریستییەكانی دەقۆزێتەوە.
سەفا ئەعسەم ڕاوێژكاری سەربازیی عێراق، شیكردنەوەی بۆ دۆخی ئێستای ڕێكخراوی داعش و پەلامارەكانی ئەم دواییەی كردووە و ڕایدەگەیەنێت، “بوونی چەكدارانی داعش و خێزانەكانیان لە گرتووخانەكانی عێراقدا بۆمبی تەوقیتكراوە”.
بەپێی وتەی ئەعسەم، ئەو چەكدارانەی داعش كە لە گرتووخانەكاندان، پەیوەندییان لەگەڵ ئەندامانی تری ڕێكخراوەكە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراقدا هەیە، تەنانەت پەیوەندییان لەگەڵ داعشەكانی ناو كامپەكاندا هەیە وەك كامپی هۆل لە ڕۆژئاوای كوردستان.
ڕاوێژكاری سەربازییەكە دەڵێت، لەو ناوچانەی لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیدا جێناكۆكن، بۆشایی ئەمنی دروستبووە و چەكدارانی داعش دۆخەكەیان قۆستووەتەوە و هێرشی تیرۆریستیی لەو ناوچانە بەرپادەكەن و بە پێویستی دەزانێت، هەردوولا هەماهەنگبن و فشاری زیاتر بۆ سەر ڕێكخراوەكە هەبێت.