25 ساڵ بۆ دواوە.. شۆڕشی درۆیینەی بەرشلۆنە و کەوتنی ڕاستەقینەی مێسی

بەرشلۆنە لەم وەرزەدا چەندین کێشەی وەرزشی و هونەری هەبووە

یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی لە کۆتا ڕوبەڕوبوونەوەی لالیگا بەرانبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید دۆڕاندنی تۆمارکرد، ئەم ئەنجامەش دەرگای بەڕووی چيندین کێشەی هونەری و وەرزشییدا کردەوە.

ڕۆژنامەنوسی ئیسپانی، خایمی ڕینکۆن لە ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی لەژێر ناونیشانی “شۆڕشی درۆیینەی بەرشلۆنە”، شیکارییەکی لەسەر ئەو بارودۆخە خراپە کردووە کە یانە زەبەلاحەکەی کاتالانی تێکەوتووە.

ڕۆژنامەنوسەکە دووپاتیدەکاتەوە، ئەو شۆڕشەی ئیدارەی یانە بەڵێنیداوە لەم وەرزەدا ئەنجامیبدات و بەهۆیەوە لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندووی یانەکەیان هێشتووەتەوە، لە درۆیەک زیاتر هیچیدیکە نەبووە، بەڵکو پێکهاتەی ئەم وەرزەی کومان نۆ یاریزانی هەمان ئەوانەن کە وەرزەکانی ڕابردوو لەژێر چاودێری کیکی سیتیێن و ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی شکستیانهێناوە.

شۆڕش بە هەمان پێکهاتە

بەراورد بە وەرزەکانی ڕابردوو، کومان بەهەمان پێکهاتەی بەرگرییەوە یاریدەکات، سێرجی ڕۆبێرتۆ لە باڵی بەرگری ڕاست و بە یەدەگکردنی سێرجینیۆ دێست، هەروەها دوورکەوتنەوەی جۆردی ئەلبا لە ئاستی ڕاستەقینەی خۆی، کۆتاییەکەی یاریکردن بووە بە سێ سەنتەری بەرگری کە یەکێکیان لە تیپەکانی لاوان یاریدەکات، ئەوەش بەهۆی پێکانی ساموێل ئومتیتی و نەگەڕانەوەی بۆسەر ئاستی ڕابردوو.

کومان چەند گۆڕانکارییەکی ئەنجامداوە، بەڵام بەشداریکردنی میرالیم پیانیچ بەرانبەت ئەتلەتیکۆ مەدرید لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا نەبووە، بەڵکو بەهۆی پێکانی سێرجیۆ بۆسکێتس بووە، پێکهاتەکەش لەگەڵ ئەم یاریزانە بۆسنییە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، بەهەمان شێوە فرینکی دی یۆنگ نەیتوانیوە هاوشێوەی سەردەمی ئەیاکس ئەمستەردام تواناکانی بسەلمێنێت.

لە هێڵی هێرشبەر کارەسات ڕوودەدات، لیۆ مێسی گۆڵکاری مێژوویی جیهان تووشی نەزۆکی بووە و لە بیابانی یانە ڕکابەرەکاندا دەژی، توانای تۆمارکردنی گۆڵی لەدەستداوە و بەدوایدا ئەنتوان گریزمان نغرۆی شکستبووە.

وەک دەردەکەوێت شۆڕشی پێکهاتەی بارسا تەنها فرۆشتن و دوورخستنەوەی لویس سوارێز و ئارتورۆ ڤیدال بووە، فرۆشتنی ئیڤان ڕاکیتیچ کە وەرزەکانی ڕابردوو یەدەگبووە ناچێتە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانەوە، هەموو ئەمانەش بە گۆڕانکاری و شۆڕش ئەژمارناکرێن، بەڵکو بە سزادانی دوو یاریزان کە کەمترین هەڵەیان هەبووە و یاریکردن بە هەمان شکستخواردووەکانی سەردەمی سیتیێن ناودەبرێت.

بەرانبەر گەورەکان

ڕینکۆن لە شیکارییەکەیدا تێبینی کردووە، هەندێجار بەرشلۆنە بە شێوەیەکی باش دەرکەوتووە، ڕۆناڵد کومانی ڕاهێنەریش بەهۆی پێکانی یاریزانانیەوە دووچاری ئاستەنگی تاکتیکی بووە، بەڵام ڕووداوەکان لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە پێکهاتەی ئازولگرانا لە تاقیکردنەوە قورسەکاندا بەرانبەر ئیشبیلیە، ڕیاڵ مەدرید، ئەتلەتیکۆ مەدرید شکستیهێناوە و باش دەرنەکەوتووە.

بەبۆچوونی ڕۆژنامەنوسە ئیسپانییەکە، کۆکردنەوەی 11 خاڵ و لەکۆی 24 خاڵ نەک دواکەوتنێکی کاتی نییە، بەڵکو هەڕەشەی ئەوەشیان لێدەکات وەرزی داهاتوو نەتوانن بەشداری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بکەن.

مێسی لە لێواری داڕوخاندایە

ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لەم وەرزەدا “پوڵگا” بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی دابەزیوە، بگرە بەرەو داڕوخانی دەروونی و وەرزشی ڕۆیشتووە.

“پوڵگا” لەم وەرزەدا هیچ گۆڵێکی لەدەرەوەی یاریگای نو کامپ تۆمارنەکردووە، لە کۆی ڕوبەڕوبوونەوەکانیشدا تەنها سێ گۆڵی تۆمارکردووە، کە زۆرینەیان لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی پەناڵتییەوە بووە.

ئاس دووپاتیدەکاتەوە، ئەفسانە زیندووەکە لە بەرشلۆنە بەختەوەرنییە، هەستدەکات لە پڕۆژەی شۆڕشی نوێدا لەلایەن ئیدارەی پێشوو و تەنانەت ئیدارەی کاتیی یانەکەشەوە خیانەتی لێکراوە، هەستدەکات لەدوای ڕۆیشتنی سوارێز و ڤیدالی هاوڕێی پێکهاتەی یانە لە ئاست خواستەکانیدا نەماوە، کاتێکیش یاریزان بەم بیروبۆچوونە دەگات چیتر ئالودەبوونی بە سەرکەوتنەکان کۆتاییدێت.

هەموو ئەمانە لەلایەک و لەلایەکی دیکە هەوڵەکانی بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی مانچستەر سیتی، شکستیهێنان لە ڕۆیشتن و بەردەوامبوون لە خولی ئیسپانیا.

25 ساڵ گەڕانەوە بۆ دواوە

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی بە داتا و ئامار ئاشکرایکردووە، یانەی بەرشلۆنە لەم وەرزەدا بە یەکێک لە خراپترین ساتەکانیدا تێپەڕدەکات.

بارسا تاوەکو ئێستا 11 خاڵی لەکۆی 24 خاڵ و هەشت یاری کۆکردووەتەوە، سێ دۆڕاندن، دوو یەکسانبوون و تەنها سێ بردنەوەیان تۆمارکردووە.

ئەم دیاردە ڕەشە 25 ساڵە بەسەر یانە ناودارەکەدا نەهاتووە، بۆ کۆتاجار لە وەرزی 1995/1996 دووچاری هەمان ئاستەنگی بوونەتەوە، هەروەها لە وەرزی 2202/2003 و 2003/2004 تەنها 12 خاڵیان لەهەمان گەڕی لالیگا (گەڕی هەشتەم) بەدەستهێناوە، لە وەرزی 2000/2001 بەهەمان شێوە 13 خاڵیان بەدەستهێناوە لە کۆی سێ دۆڕاندن و چوار بردنەوە.

کاتێک بە ژمارە و داتاکاندا دەچینەوە بۆمان دەردەکەوێت، بەرشلۆنەی کومان 2020/2021 لە ئاست خراپیدا 25 ساڵ بەرەودواوە گەڕاوەتەوە، لە ڕووی کارگێڕییەوە بناغەی قوتابخانەی کرۆیف لەناوچووە و لە شێوازی یاریکردنیشدا ناسنامە هێرشبەرییەکەیان لەدەستداوە کە بە “تیکی تاکا” ناسراوە.

بابەتی پێشتر

خواردنەوەیان لێبڕا و پاكژكەرەوەی دەستیان خواردەوە "دەرئەنجامێكی كارەساتبار"

بابەتی دواتر

فولهام 2-3 ئێڤەرتۆن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share