خوێندنی باڵا: خەرجیی هەر خوێندکارێکی زانکۆ 450 هەزار بۆ 17 ملیۆن دینارە

وەزارەتی خوێندنی باڵا باس لەو خەرجییانە دەکات کە ساڵانە بۆ هەر خوێندکارێکی دەکەن، بەپێی داتاکانی وەزارەت خەرجیی هەر خوێندکارێک ساڵانە 450 هەزار بۆ 17 ملیۆن دینارە.

توانا نەجم بەڕێوەبەری کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بەپێی ئەو بەدواداچوونەی کردوویانە بۆ خەرجیی ساڵانەی هەر خوێندکارێک لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان 450 هەزار بۆ 17 ملیۆن دیناردایە، ئەوەش هەرسێ جۆری خوێندنی بەیانیان، ئێواران و پاراڵێڵ دەگرێتەوە.

بەدواداچوونەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کورفدستانی گرتووەتەوە کە 14 زانکۆن، کۆی خەرجیی هەر زانکۆیەکیان وەرگرتووە و بەراوردیانکردووە لەگەڵ ژمارەی ئەو خوێندکارانەی وەریدەگرێت بەوەش تێکڕای خەرجیی هەر خوێندکارێک دەرهێنراوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لەوەکرد، بۆ خەرجیی خوێندکاران پشت بە دوو جۆر داهات دەبەستن یەکێکیان ئەو داهاتەی لە زانکۆکان خۆیانەوە وەردەگیرێت و داهاتی دووەمیان ئەوەی لەلایەن گەنجینەکانەوە دابیندەکرێت.

سەبارەت بە خوێندنی پاراڵێڵ وتی، ” ئەگەرێک یان تێڕوانینێک هەیە بۆئەوەی پارەی خوێندنی پاراڵێڵ کەمبکرێتەوە یان هەر نەمێنێت، بەڵام تائێستا بەدیلمان بۆ ئەوە نەبووە و پێویستە بەدواداچوون بۆ دانانی بەدیلێک بکەین  لەجێگەی ئەوە”.

جەختی لە ناڕەزایی وەزیری خوێندنی باڵا کردەوە بۆ خوێندنی پاراڵێڵ و ڕایگەیاند، وەزیری خوێندنی باڵا بەڕوونی ئەوەی وتووە کە لەگەڵ خوێندنی پاراڵێڵدا نییە و وتوویەتی، “من دژی پاراڵێڵم، پێموایە ناعەدالەتییە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “هەرکاتێک بەدیل بۆ خوێندنی پاراڵێڵ بدۆزینەوە بەدڵنیایی ئێمەش پێمانخۆشە پاراڵێڵ نەمێنێت”.

بابەتی پێشتر

توركیا كوژران و برینداربوونی 7 سەربازی لە باشووری كوردستان ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

ڕوسیا ڕێگەنادات ئەمریکییە مردووەکانیش بچنە وڵاتەکەیەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share