كێبڕكێی ناسا و سپەیس ئێكس
كامیان یەكەم كەشتیوان ڕەوانەی مەریخ دەكات؟

ئەگەر سەركەوتوو بێت، مەسك مێژوو دەنووسێتەوە

پاش ئەوەی ئاژانسی ناسا ڕایگەیاند، كەشتیوانێكی تایبەتیی ئاسمانی تا ساڵی 2040 ڕەوانەی مەریخ دەكات، كۆمپانیای سپەیس ئێكس-ی ئیلۆن مەسك دووپاتیكردەوە، كێبڕكێ دەكات بۆ ناردنی یەكەم كەشتیوان بۆ هەسارە سوورەكە.

جوین شوتویل سەرۆكی سپەیس ئێكس و بەڕێوەبەری چالاكییەكانی ڕایگەیاند، یەكەم ئەركیان بۆسەر مەریخ دەشێت بەر لە كۆتایی ئەم دەیەیە ڕووبدات.

سپەیس ئێكس لەژێر سەرپەرشتیی ئیلۆن مەسك-ی سەرۆكی جێبەجێكاریدا چەندین ئەركی ئەنجامداوە كە پێشتر بە خەیاڵی زانستی دادەنران، لەوانە نیشتنەوەی ڕۆتینی و سەرلەنوێ بەكارهێنانەوەی مووشەكە گەورەكەی فالكۆن 9، بەڵام ئایا ئەمجارە ئالنگارییەكەی سەردەگرێت؟

بڕیارە مووشەكی (ستارشیپ)ی گەورە كە دەتوانرێت جارێكی دیكە بەكاربهێنرێتەوە و كۆمپانیای سپەیس ئێكس كار لەسەر پەرەپێدانی دەكات، ئەركی گواستنەوەی كەشتیوانانی یەكەم و زامنكردنی گواستنەوەیان بۆسەر مەریخ لەئەستۆبگرێت، بەڵام یەكەم، پێویستە ئیدارەی فڕۆكەوانیی فیدراڵی ڕەزامەندی لەسەر گەشتی كەشتییە ئاسمانییەكە بدات، ئەمەش ئەو پڕۆسەیەیە كە چەندین جار دواكەوتووە، بەڵام لەئێستادا بڕیارە لە كۆتایی ئایاری 2022دا ئەنجامبدرێت.

كۆمپانیاكە پێویستە چەندین تاقیكردنەوەی سەركەوتوو لەماوەیەكی كورتدا بەدەستبهێنێت، تا بتوانێت بەڵێنەكەی بهێنێتەدی، پێویستە مووشەكەكە ئەركی خولگەیی بە سەركەوتوویی و نیشتنەوە لەسەر ڕووی زەوی بەبێ هیچ كێشەیەك ئەنجامبدات. شوتویل دەڵێت، یەكەمی ئەم گەشتانە لە هاوینی ساڵی 2022دا دەبن.

دوای ئەوە، پێویستە مووشەكەكەی سپەیس ئێكس توانای خۆی لە وەرگرتنی سوتەمەنی لە خولگەدا بسەلمێنێت. توانای سەرلەنوێ پڕكردنەوەی سوتەمەنی كارێكی زۆر گرنگە بۆ سیستمی نیشتنەوەی مرۆیی لە وێستگەی بۆشایی ئاسمان بۆ گواستنەوەی كەشتیوانانی ئاسمانی و كەلوپەل بۆسەر مانگ و گەڕانەوە وەك بەشێك لە پڕۆژەی ناسا (ئەرتمیس) بۆ گەڕانەوە بۆ مانگ.

لەئێستادا، بڕیارە سپەیس ئێكس ئەركێكی گرنگ بۆسەر مانگ لە ساڵی 2024دا ئەنجامبدات، دواتریش یەكەم مرۆڤ لەسەر مانگ بنیشێنێتەوە پاش كۆتایی بەرنامەی ئەپۆلۆ لە ساڵی 2025دا.

ئەگەر هەموو ئەوانە بە سەركەوتوویی ئەنجامبدات. سپەیس ئێكس ئامادەدەبێت بۆ ناردنی كەشتیی ئاسمانی بۆ مەریخ. پێشبینی دەكرێت گەشتی یەكەم بێ سەرنشین و تەنها بۆ كەلوپەل بێت، لەنێویشیدا كەلوپەلی تایبەت بە دامەزراندنی بنكەی سەرەتایی لەسەر هەسارە سوورەكە.

دوایین هەلی نزیكبوونەوە لەنێوان زەوی و مەریخ لەم دەیەدا لە كۆتاییەكانی ساڵی 2028 و سەرەتای ساڵی 2029دا دەبێت. بۆ هێنانەدی بەڵێنەكەی شوتویل، پێویستە یەكەم گەشتی پشكنینی مرۆڤ بۆسەر مەریخ لە زەوییەوە لەو ماوەیەدا بێت.

ئەم هەنگاوە كارەساتبار دەبێت بۆ ئیلۆن مەسك و كۆمپانیاكەی ئەگەر هەر كارەساتێك ڕووبدات، بەڵام ئەگەر سەركەوتوو بێت، مەسك مێژوو دەنووسێتەوە.

بابەتی پێشتر

کان دووکەڵی لێهەڵدەستێت و پرسی ژن بە قورسی خۆی بەسەر فێستیڤاڵەکەدا دەدات

بابەتی دواتر

ئەردۆغان هەڕەشەیەكی دیكە بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share