بەمنزیكانە دیاردەیەكی سروشتی هێڵی ملیۆنان مۆبایل دەپچڕێنێت

دیاردەیەكی خۆرگیران كە چاوەڕوان دەكرێت لە سەرەتای مانگی داهاتوودا رووبدات، پێشبینی دەكرێت ملیۆنان مۆبایل بخاتە دەرەوەی بازنە، وەك ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەمریكا ئاماژەی پێدەكەن.

رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی بڵاویكردەوە، چاوەڕوان دەكرێت ملیۆنان گەشتیار روو لە چەند ناوچەیەكی دیاریكراو لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكەن بۆ بینینی دیاردەی (خۆرگیران) كە چاوەڕوان دەكرێت لە 8ی نیسانی داهاتوو رووبدات، بەپێی دەسەڵاتداران و كۆمپانیاكانی پەیوەندی، ئەو كارە كاریگەری لەسەر خزمەتگوزاریی مۆبایل دروستدەكات و دەبێتەهۆی پچڕاندنی.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە، پێشبینی دەكرێت نزیكەی ملیۆنێك كەس گەشت بۆ تەكساس و، 500 هەزار كەس بۆ ئۆهایۆ و نزیكەی 400 هەزاریش بۆ ئەركنساس بكەن، بەرپرسانی ئەو ویلایەتانە ترسیان هەیە لەوەی خواستی زۆر لەسەر خزمەتگوزاریی مۆبایل ببێتەهۆی دواكەوتنی پەیوەندی یان پچڕانی پەیوەندییەكان بەشێوەیەكی تەواوەتی.

بۆ سوككردن بارگرانی لەسەر ژمارەیەك لە شارەكانی ئەمریكا، كۆمپانیای (تی مۆبایل) لەئێستادا دەستیكردەوە بە بڵاوكردنەوەی ناوەندی نوێی بڵاوكردنەوەی تۆڕەكانی، وەك ئامادەكارییەك لەو ناوچانەی چاوەڕوان دەكرێت گەشتیارێكی زۆر رووی لێبكەن.

لە شارۆچكەیەكی بچوكی ویلایەتی ئۆهایۆ، كە دەشێت 250 هەزار سەردانكەر رووی لێبكەن، كۆمپانیای (Verizon)، بەر لەو دیاردە سروشتییە دەگمەنە تاوەرێكی جوڵاو دادەنێت.

دیاردەی خۆرگیرانی تەواوەتی كاتێك روودەدات، مانگ بەتەواوی خۆر دادەپۆشێت، ئەمەش وادەكات لە رۆژدا بۆماوەیەك تاریكی دروستببێت، دیاردەكە بینراو دەبێت بۆ نزیكەی 32 ملیۆن كەس لە ئەمریكای باكوور و ناوەڕاست.

روونە كە خودی خۆرگیران نابێتەهۆی پچڕانی هێڵەكانی مۆبایل، بەڵكو كۆبوونەوەی ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە ناوچەكاندا ترسی لای بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دروستكردووە لەبارەی پچڕان و خاوبوونەوەی هێڵەكانی مۆبایل، بەهۆی دروستكردنی فشاری زۆر لەسەر هێڵەكان.

بابەتی پێشتر

بەهۆی زریانەوە لە بەڕازیل 11 کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

مامۆستا و فەرمانبەران (هەژماری من) رەتدەكەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئینستگرام دوو تایبه‌تمه‌ندى نوێ تاقیده‌كاته‌وه‌

تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیى ئینستگرام گۆڕانكارییه‌ك بۆماوه‌یه‌كى كاتی ئه‌نجام ده‌دات و دوو تایبه‌تمه‌ندى نوێ تاقیده‌كاته‌وه‌. له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كۆمپانیاى “مێتا” ئاشكرایكردووه‌…
Total
0
Share