وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی داهاتی سلێمانی بکات و لیژنەکە کاری لێکۆڵینەوە دەبێت لە کێشەکانی داهات و خەرجیی پارێزگای سلێمانی.
لە بڕیارێکدا کە واژووی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستانی لەسەرە هاتووە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشەی داهات و خەرجییەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی پێنج کەسی و ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەوبارەیەوە.
لەنووسراوەکەدا هاتووە، پێویستە گشت دامودەزگاکانی حکومەت هاوکاریی تەواوی لیژنەکە بکەن و داتا و زانیاریی پێویستی بخرێتە بەردەست، هەروەها لەکاتی پێویستدا دەتوانرێت لیژنەی لاوەکی دروست بکرێت بۆ هاوکاریی لیژنەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.