بەهۆی کاریگەریی خۆڵبارینەوە، ئیدارەی گەرمیان دەوامی لە ناوچەكە ڕاگرت و داوا لە هاوڵاتییان دەكات خۆیان لە چوونەدەرەوە بەدووربگرن.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان بڵاویكردووەتەوە هاتووە، بەهۆی کاریگەریی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی کە ڕووی لە گەرمیان کردووە و بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا ئەگەری چڕبوونەوەی زیاتری شەپۆلەکە هەیە، بۆ پاراستنی تەندروستیی فەرمانبەران و هاوڵاتییان، ئیدارەی گەرمیان بڕیاریدا ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئایاری 2022 کاتژمێر 11:30 خولەك کۆتایی بە دەوامی ئاسایی سەرجەم فەرمانبەران بهێنێت لە فەرمانگەکانی حکومەت لە گەرمیان، “جگە لە تەندروستی و دەزگا خزمەتگوزارییەکان، کە لە خزمەتی هاوڵاتییانی سنوورەکەدا دەبن”.
ئیدارەی گەرمیان داوا لە هاوڵاتییانی ناوچەی گەرمیان دەكات تا کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلی خۆڵبارینە، لەپێناو پاراستنی تەندروستییان بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.