كەمتەرخەمی و كاری نایاسایی لە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەدا ئاشكرادەكرێت

پەرلەمانتارێكی كورد ڕایدەگەیەنێت، سەردانی كۆگاكانی دابەشكردنی خۆراكیان كردووە و دەركەوتووە كاری نایاسایی و كەمتەرخەمی لەئارادایە و دەڵێت، بینمان كۆگاكان پڕن لە خۆراك و دابەشناكرێن، شێوازی هەڵگرتنی خۆراك نایاسایی و ناتەندروستە.

موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا لە سلێمانی ڕایگەیاند، پاش سەردانكردنی وەزیری بازرگانیی عێراق و گەیاندنی سكاڵا و ناڕەزایی هاوڵاتییان سەبارەت بە نەگەیشتنی بڕی پێویستی خۆراك و دابەشنەكردنی، بە یاوەری شاندێكی وەزارەتەكە تایبەت بە دانەوێلە و خۆراك گەیشتوونەتە سلێمانی.

وتیشی، دوێنێ سەردانی كۆگاكانی هوانەیان كردووە و بۆیان دەركەوتووە ئەوەی لەوێ دەگوزەرێت “ناشرین و نایاساییە” كۆگاكان بەشێكیان پڕن لە خۆراك و دابەشناكرێن، تێیدایە بەدەیان تۆن شەكر كە شەش مانگی بەسەرداتێپەڕیووە، بەبیانووی بوونی لیژنەیەك دابەشنەكراوە.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە پێیانوتوون خۆراك وەك پێویست ناگات، بەڵام ئەمڕۆ جارێكی دیكە سەردانیان كردووەتەوە و بینویانە ئەو بارهەڵگرانەی لە بەغدادەوە دەگەن، ڕاستەوخۆ دەكرێنە بارهەڵگری دیكەوە بەبێ ئەوەی بخرێنە كۆگاكانەوە، ئەمەش سەرپێچییەكی ڕوونی كارە یاساییەكانە و “پێویستە خۆراكەكان دابگیرێن، جەرد و تۆماربكرێن پاشان بخرێنە ئۆتۆمبێلی دیكەوە و دابەشبكرێن”.

موسەننا ئەمین وتیشی، “بینیمان كۆگاكان پڕن لە خۆراك و دابەشناكرێن. ئەو زانیارییانەی پێیانداین ڕاست نەبوون، ئەو شێوازەی خۆراكەكانی تیاهەڵدەگیرێت نایاسایی و ناتەندروستە”.

ڕوونیشیكردەوە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە بەو 500 دینارەی لەهەر هاوڵاتییەك وەردەگیرێت، خۆراكەكە بگەیەننە دەست هاوڵاتییان و كۆگاكانیش نۆژەنبكرێنەوە و هەموو خزمەتگوزارییەكەیش پێشكەش بكەن و بەشێكی وەكو پاداشت بدەنە كارمەندان. بە وتەی ئەو لەگەڵ حكومەتی هەرێم ڕێككەوتن لەوبارەیەوە كراوە، بەڵام جێبەجێناكرێت.

پرسیاری ئەوەشی كرد، “مەعقولە بەغداد خۆراك بنێرێت، تۆ نەتوانی دابەشی بكەیت بەسەر خەڵكدا؟ ئەمە عەیبەیە بۆ حكومەتی هەرێم”.

بابەتی پێشتر

تاڵیبان: دەبێت كچە بێژەرەكان ڕووخساریان دابپۆشن

بابەتی دواتر

دەوڵەتی یاسا: چێوەی هەماهەنگی لە نیوە+1 نزیكبووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share