پەنابەرێكی كورد دەڵێت، بڕیارە 31ی ئەم مانگە لە بەریتانیاوە دیپۆرتی هەولێر بكرێتەوە، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانیش دەڵێت، چوار پەنابەری دیكەش بڕیارەكە دەیانگرێتەوە.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی-كوردستان لە زاری پەنابەرێکی کورد لە گرتووخانەی دەستبەسەری هارمۆندسورس نزیك فڕۆکەخانەی هیسرۆ لە لەندەن ڕایگەیاند، “دوێنێ لەکاتی ئیمزاکردندا، پۆلیس دەستگیریانکردم و تیکتیان پێداوم کە 31ی ئەم مانگە دیپۆرتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرم بکەنەوە”.
ئەو پەنابەرە ئەوەشی وت، “خاوەنی خێزان و چوار منداڵم و 21 ساڵە لە بەریتانیا ژیان دەکەم، نامەوێت لە خێزان و مناڵەکانم داببڕێم”. وتیشی، “داوادەکەم کاربەدەستانی فڕۆکەخانەی هەولێر وەرماننەگرنەوە، بۆ ڕازیکردنی دڵی حکومەتی بەریتانیا ژینمان لێ تێكنەدەن، ئێمە لێرە ژیانمان دامەزراندوە و گەڕانەوەمان زۆرەملێییە نەك ئارەزوومەندانە”.
فیدراسیۆنی پەنابەران ڕوونیكردووەتەوە، لەئێستادا لەو گرتووخانەیە پێنج پەنابەری کورد ڕاگیراون و بڕیارە پێچەوانەی خواستی خۆیان دیپۆرتی هەولێر و سلێمانی بكرێنەوە.
دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنەكە ڕایگەیاند، ئەگەرچی ماوەی چەندین ساڵە گێڕانەوەی زۆرەملێی پەنابەران ڕاگیرابوو، بەڵام بەداخەوە وادیارە سەردانەکەی ئەمدواییەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و وەفدی یاوەری زیاتر بووە لە پرسی گرێبەستی غاز و نەوت، ئەم جارە دانیشتەکەیان لەگەڵ پریتی پاتیل وەزیری ناوخۆ “سیاسەتی بەزۆرناردنەوەی پەنابەرانی لێکەوتۆتەوە”.
ئەوەشی وت، “پێویستە پەنابەران بە هێزی ڕێکخراوبوونیان ئەم سیاسەتە دژەمرۆییە پوچەڵبکەنەوە و سەرانی ئەو حکومەتە لە دەرەوە بدەنە بەر نەفرەت و ناڕەزایەتی”.