دژی هەڵوەشاندنەوەی كۆنسێرتێك لە پەرلەمانی توركیا گۆرانیی كوردی وترایەوە

بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتێکی خانمەهونەرمەندی کورد ئاینور دۆغان، لەلایەن سەرۆك شارەوانییەكی سەر بە ئاك پارتی-یەوە، پەرلەمانتارێكی جەهەپە لەناو پەرلەمانی توركیادا گۆرانیی كوردیی وتەوە.

بڕیار بوو لە شاری كۆجاعەلی-ی توركیا كۆنسێرتێكی هونەرمەندی كورد ئاینور دۆغان بەڕێوەبچێت، بەڵام سەرۆكی شارەوانیی شارەكە، كە سەر بە پارتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە، كۆنسێرتەكەی هەڵوەشاندەوە.

بڕیارەكە ناڕەزایەتیی زۆری لە توركیا لێكەوتەوە، لەو نێوەندەدا نورحەیات ئالتاجە قایشئۆغڵو، خانمەپەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری – جەهەپە، لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی وڵاتەكەدا، وەك كاردانەوە و ناڕەزایەتی، گۆرانییەكی ئاینور-ی وتەوە.

پەرلەمانتارەكەی جەهەپە سەرەتا گۆرانییەكی ئینگلیزیی وت، وتی، “دەتوانین ئەمە بڵێین، بەڵام…”، دواتر گۆرانیی “دار هەژیرۆکێ”ی ئاینور دۆغان-ی بە زمانی كوردی وتەوە، وتی، “ناتوانین ئەمە بڵێین.. هەر ئەوەندە و بەس”.

نورحەیات ئالتاجە، كوردە و خەڵکی شاری پێرتاگ-ی سەر بە پارێزگای دێرسیمە، سێ خوولە لەسەر لیستی جەهەپە ئەندامی پەرلەمانی تورکیایە.

بابەتی پێشتر

سەگ پەلاماری منداڵێكی دا و گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی: حاڵەتێکی دیکەی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون لە زاخۆ هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share