پۆلیسی ئیسرائیل لێكۆڵینەوەی لەبارەی كوژرانی پەیامنێرەكەی جەزیرە كرد، دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی ناتوانرێت سەرچاوەی تەقەكردنەكە دیاریبكرێت، بەڵام “بۆی هەیە یەكێك لە سەربازەكانمان تەقەكەی كردبێت”.
پۆلیسی ئیسرائیل لێكۆڵینەوەی لە كوشتنی شیرین ئەبو عاقلە، پەیامنێرەكەی كەناڵی جەزیرە كردووە، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، “لەكاتی ئۆپەراسیۆنێكی دەستگیركردن لە ناوچەی جەنین، تەقەیەكی زۆر لە هێزەكانی سوپا كراوە و بۆمبیان تێگیراوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەكەدا و لەكاتی دەرچوونی هێزەكاندا، میدیاكارە فەڵەستینییەكە، كە لەناو ناوچەی تەقەكردنە دوولایەنەكەدا بووە، پێكراوە”.
ئەو لێكۆڵینەوەیەی ئیسرائیل كردوویەتی، قۆناغبەندە، بۆیە پۆلیسی وڵاتەكە دەڵێت، “لەگەڵ كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوە قۆناغبەندەكان، هێشتا چەند وردەكارییەك هەن پێویستیان بە ڕوونكردنەوە هەیە، ئەگەری جیاوازیش هەن بۆ ئەو تەقەكردنەی بووەتە هۆی كوشتنی میدیاكارەكە”، بۆیە لێكۆڵینەوەكە گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی كە “ناتوانرێت سەرچاویە تەقەكردنەكە بزانرێت”.
بەپێی لێكۆڵینەوە ئیسرائیلییەكە، “دوو ئەگەر هەن بۆ سەرچاوەی تەقەكردنەكە و پێكرانی عاقلە، ئەگەری یەكەم، تەقەی چڕی چەكدارە ئیسرائیلییەكان بە ئاراستەی سوپای ئیسرائیل، ئەگەری دووەم، لەكاتی تەقەكردنە دوولایەنەكەدا یەكێك لە سەربازە ئیسرائیلییەكان لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەكەوە تەقەی لە چەكدارێك كردووە، میدیاكارەكەش لە نزیك چەكدارە فەڵەستینییەوە بووە و ئەگەر هەیە لەوكاتەدا پێكرابێت”.
بۆیە پۆلیسی ئیسرائیل پێیوایە، “بە دەستگەیشتن بەو گوللـەیەی بەر میدیاكارەكە كەوتووە و لێكۆڵینەوەی ورد لێی، بۆی هەیە سەرچاوەی تەقەكردنەكە ئاشكرابكات”.