عەلی حەمەساڵح بە داتا و ژمارە وانەیەكی بە مەسرور بارزانی وتەوە

عەلی حەمەساڵح و مەسرور بارزانی

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری كوردستان بە ئامار ڕوونیدەكاتەوە، كە ناكرێت سەرۆكی حكومەت چاوەڕێی ئەوە بكات داهاتی سلێمانی وەكو هەولێر و دهۆك بێت، هۆكارەكەشی بۆ مەسرور بارزانی ڕووندەكاتەوە.

عەلی حەمەساڵح لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا بە داتا و ئامار ئەوەی سەلماند كە داهات لە سلێمانی كەمە و ناتوانێت مووچە و خزمەتگوزاری و پێداویستییەكانی دیكە دابینبكات.

پەرلەمانتارەكە ئاشكرایكرد، داهاتی مانگانەی سلێمانی 100 ملیار دینارە، پێویستە 75 ملیار دینار بۆ مووچە دابینبكات، 15 ملیار دیناریش بۆ دامەزراوە هەرێمییەكانی وەكو سەرۆكایەتییەكان و وەزارەتەكان لە هەولێر، هەروەها 7 ملیار دیناری دەرماڵەی خوێندكاران، ئەمە جگە لە پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكان و دەرمان و خەرجیی هێزەكانی 70 و ئاسایش و دژەتیرۆر.

بۆیە دووپاتیكردەوە، ناكرێت بەو داهاتەوە چاوەڕێی ئەوە لە سلێمانی بكرێت بتوانێت مووچە دابینبكات و خزمەتگوزارییەكان و خەرجییەكانی دیكەش بەردەوام بن.

عەلی حەمەساڵح ڕەخنەی لە یەكێتی هەبوو بەوەی لە ڕێككەوتنی حكومەتدا بەو دابەشكارییە ڕازیبووە، بەڵام ڕەخنەشی لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت گرت بەوەی دۆخەكە ناعەدالەتییەكی زۆری جوگرافیی دروستكردووە، پێی وت، “تۆ كە سوێندت خوارد نەتوت مووچە و خزمەتگوزاری تەنها بۆ هەولێر و دهۆك بكرێت”.

بۆیە پەرلەمانتارەكەی گۆڕان نەیشاردەوە، كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەرپرسە لەو دۆخەی هەیە و ناكرێت چاوەرێی ئەوە بكات كە داهاتی سلێمانی وەكو داهاتی هەولێر و دهۆك بێت.

بە داتا و ژمارە ئەوەی بۆ سەرۆكی حكومەتی ڕوونكردەوە كە لە هیچ بارێكدا داهاتی سلێمانی هێندەی هەولێر و دهۆك نابێت، بەوپێیەی هەولێر و دهۆك سنوور و مەرزیان لەگەڵ هەرسێ وڵاتی توركیا، ئێران و سوریادا هەیە، بەڵام سلێمانی تەنها لەگەڵ ئێراندا سنووری هەیە و بە كۆی گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش 18 خاڵی سنووری لەگەڵ ئێراندا هەن، بۆیە داهاتی باشماخ و پەروێزخان ناكرێت بەراورد بكرێت بە داهاتی ئیبراهیم خەلیل، كە هەموو ئاڵوگۆڕی هەرێمی كوردستان و عێراق لەوێوەیە.

عەلی حەمەساڵح لەبارەی باجیشەوە، بە داتا، بۆ مەسرور بارزانی ڕوونكردەوە، كە ناكرێت چاوەڕێی ئەوە بكات باج لە سلێمانی هێندەی باج بێت لە هەولێر و دهۆك.

ئاشكرایكرد، 31 هەزار و 393 كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون، تەنها 7 هەزار و 535یان لە سنووری سلێمانین، كە دەكاتە 24%، نزیكەی نیوەی كۆمپانیاكانیش لە سلێمانی لەكاركردن وەستاون و بەوەش دەكاتە 12%ی كۆی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان.

ڕوونیشیكردووەتەوە، 2 هەزار و 940 كۆمپانیای بیانی لە هەرێمی كوردستان هەن، تەنها 101یان لە سلێمانین، كە دەكاتە نزیكەی 3% و هەموو گەورەكۆمپانیا بیانییەكان لە هەولێرن، بۆیە عەلی حەمەساڵح بە مەسرور بارزانی دەڵێت، “چۆن دەتەوێت داهاتی باج وەكو هەولێر و دهۆك بێت؟”.

بۆیە عەلی حەمەساڵح لە كۆتاییدا بە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی وت، “ناكرێت داهاتی سلێمانی بەراورد بكرێت بە داهاتی هەولێر و دهۆك”.

بۆ چارەسەر، پەرلەمانتارەكە لەگەڵ ئەوەدا بوو تەواوی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كۆبكرێتەوە و بچێتەوە خەزێنەی حكومەت، لەوێوە دووبارە بە شەفافی و دادپەروەرانە دابەشبكرێتەوە.

بابەتی پێشتر

برینی قوربانیانی تەقینەوەی كافتریاكەی سەهۆڵەكە مەترسیدارنین

بابەتی دواتر

كێشەی مووچە تاقیكردنەوەكان لە زانكۆ و پەیمانگاكان دوادەخات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەنجێك لە شارەزوور كوژرا

گەنجێك لە شارەزوور بەهۆی لە دەست دەرچوونی فیشەك خۆی و دایكی برینداركرد و، بەهۆی كاریگەریی برینەكەیەوە گیانیلەدەستدا. سەرچاوەیەكی…
Total
0
Share