كێشەی مووچە تاقیكردنەوەكان لە زانكۆ و پەیمانگاكان دوادەخات

لۆگۆی زانكۆی سلێمانی

بەهۆی كێشەی مووچە و دابەشنەكردنیەوە وادەی تاقیكردنەوەكان لە بەشێك لە زانكۆ و پەیمانگاكانی سلێمانی دوادەكەوێت، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی دەڵێت، تاقیكردنەوەكان بۆ كاتی نادیار دواخراوە.

تائێستا مووچەی مانگی ئازاری زۆرێك لە زانكۆ و پەیمانگاكانی سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان دابەشنەكراوە و بەهۆیەوە مامۆستا و فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگانەی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بایكۆتی دەوامیان كردووە.

بایكۆتكردنی دەوام هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ.

پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بڕیاربوو ڕۆژی شەممە 14ی ئەم مانگە تاقیكردنەوە لە بەشێك لە كۆلێجەكان دەستپێبكات و دواتریش كۆلێجەكانی دیكە، بەڵام بۆ كاتێكی نادیار دواكەوتووە.

وتیشی، “مامۆستایان ئامادەنین پرسیاری تاقیكردنەوەكان پێشكەش بكەن، تا ئەوكاتەی كێشەی مووچەكانیان چارەسەردەكرێت”.

بەهۆی گرفتی دابەشنەكردنی مووچەوە زیاتر لە هەفتەیەكە دەوامكردن لە زانكۆی سلێمانی ڕاگیراوە، پێشڕەو حەمەجان وتی، “مامۆستا و فەرمانبەران بایكۆتیان كردووە و دەوامی زانستی و كارگێڕی زانكۆ وەستاوە”.

لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی-ش بەهەمان شێوە تاقیكردنەوەكان دواخران.

خوێندكارێكی زانكۆكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، تاقیكردنەوەكان كە بڕیاربوو شەممەی داهاتوو 14ی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت بەپێی ئەو خشتەیەی بۆیان نێردراوە بۆ شەممەی دواتر 21ی ئایار دواكەوتووە.

سەرەڕای ڕاگەیاندن و دەستكردن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە، هێشتا بەشێك لە فەرمانگەكان و مووچەخۆران لە سلێمانی مووچەی مانگی ئازاریان وەرنەگرتووە.

دروستبوونی گرفتەكە بەهۆی ئەو نادادییەیە كە حكومەتی هەرێم لە دابەشكردنی داهاتدا لەنێوان پارێزگاكاندا پەیڕەویدەكات. عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، داهاتی مانگانەی سلێمانی 100 ملیار دینارە، پێویستە 75 ملیار دینار بۆ مووچە دابینبكات، 15 ملیار دیناریش بۆ دامەزراوە هەرێمییەكانی وەكو سەرۆكایەتییەكان و وەزارەتەكان لە هەولێر، هەروەها 7 ملیار دیناری دەرماڵەی خوێندكاران، ئەمە جگە لە پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكان و دەرمان و خەرجیی هێزەكانی 70 و ئاسایش و دژەتیرۆر.

بۆیە دووپاتیكردەوە، ناكرێت بەو داهاتەوە چاوەڕێی ئەوە لە سلێمانی بكرێت بتوانێت مووچە دابینبكات و خزمەتگوزارییەكان و خەرجییەكانی دیكەش بەردەوام بن.

بابەتی پێشتر

عەلی حەمەساڵح بە داتا و ژمارە وانەیەكی بە مەسرور بارزانی وتەوە

بابەتی دواتر

عێراق غاز لە قەتەڕ دەكڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نەوتی سپی هەرزانكرا

وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، نرخی نەوتی سپی لەبەنزینخانەكاندا دابەزی و دەڵێت، “یەك لیتر نەوتی سپی لە هەزار دینارەوە…
Total
0
Share