120 بەنداو لە عێراق و هەرێمی كوردستان دروستدەكرێن

بۆ ڕێگری لە كاریگەرییەكانی وشكەساڵی، لیژنەی نیشتمانیی باڵای ئاو بڕیاریدا 120 بەنداو لە عێراق و هەرێم دروستبكرێن.

ئەمڕۆ لیژنەی نیشتیمانیی باڵای ئاو بە سەرپەرشتیی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە بەشداری بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و نوێنەری حكومەتی هەرێم كۆبووەوە.

بێگەرد تاڵەبانی ڕوونیكردەوە، کۆبوونەوەکە تایبەتبوو بە ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمئاوی کە بەداخەوە ماوەی چەند ساڵە لەسەر یەک ئەم دیاردەیە دووبارە دەبێتەوە. هەروەك باس لە خستنەڕووی پلانی چاندنی کشتوکاڵی لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان كرا.

لە بەشێکی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی بابەتی وشکەساڵی كرا و ڕێکاری چارەسەری بۆ وشکەساڵی لە عێراق و هەرێم خرایەڕوو و بێگەرد تاڵەبانی وتی، پوختەیەکمان لە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و زیانەکانی کەرتی کشتوکاڵ و جوتیارانمان بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.

وەزیری كشتوكاڵ پێشنیاریكردووە ئەو بودجەیەی لە (پڕۆژە یاسای کۆمەکی خێرایی پەرەپێدانی ئاسایشی خۆراک) تەرخاندەکرێت هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بۆ بابەتی وشکەساڵی و پەرەپێدانی کشتوکاڵی و پاڵپشتی جوتیاران و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.

بێگەرد تاڵەبانی ڕوونیكردەوە، بریاردرا بە دروستکردنی (120) بەنداوی بچووک و پۆند لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆک وەزیرانی عیراق بریاریدا هەروەکو شوێنە جیاوازەکانی دیكەی عێراق بۆ دۆخی بەڕێوەبردنی کشتوکاڵ و ئاو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت.

بابەتی پێشتر

ناوی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە لیژنە هەمیشەییەكاندا بڵاودەكرێتەوە

بابەتی دواتر

کورسییەکی چامپیۆنزلیگ، ئارتێتا و ستێرلینگ یەک دەخاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكات

بڕیارە لە سبەینێ-ەوە دابەشكردنی مووچەی مانگی كانونی دووەمی فەرمانبەرانی هەرێم دەستپێبكات، دواكەوتنی دابەشكردنەكەی لەكاتێكدایە داهاتی حكومەتی هەرێم زیادیكردووە.…
Total
0
Share