وەبەرهێنان وادەی جێبەجێكردنی 20 هەزار یەكە بۆ كرێنشینان ئاشكرادەكات

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، ئەو 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونەی بڕیارە دروستبكرێت بۆ كەسانی كەمدەرامەت و كرێنشین دەبێت و دەڵێت، لە چەند هەفتەی داهاتوودا پڕۆژەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە قۆناغی یەکەمدا 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دروستدەكرێت.

وتیشی، حكومەتی هەرێم ڕایسپاردووین داواکاری بۆ وەبەرهێنەرانی هەرێم بنێرن تا یەکەی نیشتەجێبوون لە جۆری شوققە بۆ كەسانی کەمدەرامەت و کرێچی دروستبکرێت.

یەكەكان لەهەر چوار پارێزگا و چوار ئیدارە سەربەخۆكەی هەرێم دروستدەكرێت و لەلایەن وەبەرهێنانی شار و ناوچەكانەوە شوێنەكانیان دیاریدەكرێت.

لەئێستادا دەستەی وەبەرهێنان سەرقاڵی دیاریكردنی مەرج و پێوەرەكانن و محەمەد شوكری وتی، “پڕۆژەکە لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

سەبارەت بە شێوازی پارەدان و قیستی یەكەكان سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ڕوونیكردەوە، “شێوەی قیستەکە بەجۆرێک دەبێت کە لەگەڵ داهاتی خەڵکی کەمدەرامەت و کرێچی بگونجێت”.

دوێنێ پاش ڕاگەیاندنی دروستكردنی ئەو یەكانە بەرهەم قەرەداغی سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان ڕایگەیاند، دڵخۆشین بەو بڕیارە ئەگەر ڕاستبێت و بە حكومەت دەڵێت، ”ماوەی سێ ساڵە داوای پرۆژەیەكمان كردووە بەبێ ئەوەی حكومەت یەك دینار خەرجبكات، كۆمپانیایەك بەتەواوی خزمەتگوزارییەكانەوە یەكەی نیشتەجێبوون دروستدەكات بە مانگانەی تەنها 100 دۆلار نەتانكرد”.

دەشڵێت، ”پارەتان بۆ پڕۆژەكانی سیتەك، زڕگوێز و كەڵەوانان لە سلێمانی خەرجنەكرد و تەواوتاننەكرد. لە هەولێریش گوندی كۆریتان تەواونەكرد و بە سەدان پرۆژەی ناتەواوتان تەواونەكرد، ئەی خێرە ئێستا و لەمكاتەدا بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین دیسانەوە بەڵێنی باق و بریق دەدەن”.

بابەتی پێشتر

زانست وەڵامی پێیە.. خۆشەویستی چی لە جەستە و دەروونت دەکات؟

بابەتی دواتر

بەهۆی دواكەوتنی زاوا لە شاییەكەی خەزووری بووكەكەی لە پیاوێكی تر مارەكرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

د. بڕیار رەشید: خشتەكانی بودجە بە شێوەیەك گۆڕانكاری تێداكراوە كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمدایە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، خشتەكانی بودجە بە شێوەیەك گۆڕانكاری تێداكراوە كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمدایە و ئەوەی…
Total
0
Share