زانست وەڵامی پێیە.. خۆشەویستی چی لە جەستە و دەروونت دەکات؟

ئاشقبوون ئازار و دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە و دڵخۆشترت دەکات، جگە لەوەی دەبێتە هۆی چەند گۆڕانکارییەکی جەستەیی ئەرێنیی سەلمێندراو لەلایەن زاناکانەوە.

بەپێی پێگەی “سایەنس دەیلی”، خۆشەویستی دەبێتە هۆکاری دەردانی چەند پێکهاتەیەکی کیمیایی بە جەستەتدا و وادەکات هەست بە ئاسوودەیی بکەیت و چەند نیشانەیەکیش درووستدەکەن، وەک سووربوونەوەی ڕوومەت و خێرابوونی لێدانی دڵ و ئەرەقکردنەوەی لەپی دەست.

ئەمانەی خوارەوە. چەند گۆڕانکارییەکن لەکاتی ئەوینداربووندا بەسەر جەستەتدا دێن.

فشاری خوێن کەمدەبێتەوە

بەپێی توێژینەوەکان، جگە لە دەرمان و وەرزش و وەرگرتنی خۆراکی تەندروست، خۆشەویستی دەکرێت هۆکارێکی سرووشتی بێت بۆ دابەزاندنی فشاری خوێن.

لە دوورمەودادا دڵەڕاوکێت کەمدەبێتەوە

بەپێی توێژینەوەیەکی گۆڤاری “نیورۆئیندۆرسینۆلۆجی لێتەرز”، ئەو کەسانەی لە پەیوەندیی خۆشەویستیدان، لە دوورمەودادا کەمتر تووشی دڵەڕاوکێ دەبن.

هەست بە هۆگری و ئارامیی زیاتر دەکەیت

بەپێی ڕاپۆرتێکی بەشی پزیشکیی زانکۆی هارڤارد، هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین کە جەستە لەکاتی لێکنزیکبوونەوەی جەستەیی و خۆشەویستیدا دەریدەدات، هەستی ئارامی و هۆگرییت تێدا زیاددەکات و متمانە و ئاسوودەیی کۆمەڵایەتیت پێدەبخشێت.

دڵخۆشتر دەبیت

خۆشەویستی دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی دۆپامین لە جەستەدا، کە کاریگەریی لەسەر چێژ و پاداشتکردنی دەروونی دادەنێت لە مێشکتدا، ئەمەش دەبێتە هۆی دڵخۆشی و ئاسوودەیی زیاتر.

هەست بە ئازاری کەمتر دەکەیت

بەپێی توێژینەوەیەکی گۆڤاری “پڵەس وەن”، تێیدا بە ئامێری تایبەت چاودێریی چالاکیی مێشک و دەمارەکانی بەشداربووەکان کراوە، ئەوانەی وێنەی خۆشەویستەکانیان نیشاندراوە و بیریانهێنراونەتەوە، مێشک و هەستەوەرەکانیان بە شێوەیەک کاریانکردووە کەمتر هەست بە ئازار بکەن و هێور ببنەوە.

بابەتی پێشتر

فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە ئیسرائیل بەرەو كوێ؟ <br> عێراق پەیوەندیی ئابوریی لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغەدەكات

بابەتی دواتر

وەبەرهێنان وادەی جێبەجێكردنی 20 هەزار یەكە بۆ كرێنشینان ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share