فۆرماتی نوێی چامپیۆنزلیگ و هەموو ئەو وردەکارییانەی پێویستە بیزانیت

وەشانی 2024/2025ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بە فۆرماتێکی نوێ ئەنجام دەدرێت. لە ئێستا سپۆرتەوە ڕوونی دەکەینەوە کە چی دەگۆڕێت، چی وەک خۆی دەمێنێتەوە، چ کاریگەرییەکی لەسەر هاندەران و پێشبڕکێکانی دیکەی “یوێفا” دەبێت.

لەبەر چەند هۆکارێک تۆپی پێی ئەوروپا یەکێکە لە سەرکەوتووترینەکانی جیهان، لە ساڵی 1955وە کە ساڵی دامەزراندنی چامپیۆنزلیگە تاوەکوو ئێستا کێبڕکێکان ڕانەوەستاوە. فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا “یوێفا” بەردەوام پەرەی سەندووە و خولەکەی بە شێوەیەک گونجاندووە کە لەگەڵ سەردەمەکاندا بگونجێت.

دوای ڕاوێژکردن بە ڕایەڵەی یانەکان و نوێنەری یانەکان و بۆ دڵنیابوون لە باشتر بەڕێوەچوونی چالاکییەکان، “یوێفا” فۆرماتێکی نوێ لە وەرزی 2024/2025 بەگەڕدەخات.

ئەلیکساندەر چیفیرین، سەرۆکی “یوێفا” دەڵێت، “ئەم فۆرماتە نوێیە پێشکەوتووترە و خەونی هەر تیمێک لە ئەوروپا بۆ بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگ بە زیندوویی دەهێڵێتەوە، زامنی مانەوە و گەشەسەندنی یانە و یاریگاکانی ئەوروپا دەکات.”

پێشبڕکێی 2024/25 چۆن دەگۆڕێت؟

دوای بڕیاردان لە ڕێکەوتی 19ی نیسانی 2021، گۆڕانکارییە تەوەرەییەکانی چامپیۆنزلیگ لە وەرزی 2024/2025 جێبەجێ دەکرێن.

ژمارەی یانە بەشدارەکان لە قۆناغی کۆمەڵەکان لە 32 یانەوە بۆ 36 یانە زیاد دەکرێت، چیتر کار بە سیستەمی هەشت گرووپ و چوار یانە ناکرێت، بەڵکوو هەر تیمێک ڕووبەڕووی 10 تیمی جیاواز دەبێتەوە، نیوەیان لە یاریگای خۆیدا و نیوەیان لە دەرەوەی یاریگای خۆیاندا (پێنج بە پێنج).

سیستەمە نوێیەکە کە بە سیستەمی سویسری ناسراوە، دەرفەتی باشتر بە یانەکان دەدات چانس و ئاستی خۆیان تاقی بکەنەوە، بە و پێیەی ژمارەی یارییەکان لە 125وە بۆ 225 زیاد دەکات و ئەوەش ماوەی خولەکە درێژتر دەکاتەوە.

چوار کورسی زیادە چۆن تەرخان دەکرێت؟

گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ پشت بە ئاستەکانی وەرزی پێشتر دەبەستێت (وەک ئێستا)، بەڵام بۆ ئەو چوار یانەیەی کە بۆ خولەکە زیاد دەکرێن، سێ پێوەر پەیڕەو دەکرێت.

یەکەم: یەکێک لە کورسییەکان دەدرێت بەو یانەیەی پلەی سێیەمی لە پێنجەم خولی ناوخۆیی ئەوروپا بەدەستهێناوە (بەپێی ڕیزبەندی یوێفا)، ئەو خولەش فەرەنسا دەگرێتەوە لە ئێستادا.

کورسی دووەم: یەکێکی تر لە کورسییەکان دەبەخشرێت بە باشترین پێنجەمی یەکێک لە چوار خولە گەورەکە، ئەو خولە ڕێژەی بەشداریکردنی لە چوارەوە دەبێت بە پێنج یانە.

  • کورسی سێیەم و چوارەم: دوو کورسی دیکە دەبەخشرێت بەو دوو یانەیەی کە سەرکەوتنیان بۆ چامپیۆنزلیگ بە باشترین ئاست و خاڵەوە مسۆگەر نەکردووە، بەڵام ناچار دە بن یارییەکانی پاڵاوتن ئەنجام بدەن.

قۆناغی 16 چۆن دەبێت؟

سیستەمی سێ خاڵ بۆ بردنەوە و یەک خاڵ بۆ یەکسانبوون هاوشێوەی ڕابردوو جێبەجێ دەکرێت.

هەشت تیمی لووتکەی ڕیزبەندیی قۆناغی کۆمەڵەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەرەو قۆناغی 16 پێشڕەوی دەکەن، بەڵام یانەکانی دیکە لەنێوان پلەی نۆیەم تاوەکو 24 ناچارن قۆناغی “پلەی ئۆف” بە فۆرماتی “چوون و گەڕانەوە” تێپەڕێنن، لەنێو ئەو یانانەشدا هەشت یانە سەرکەوتن بەدەست دەهێنن.

تیمەکانی نۆیەم تاوەکوو 16 چانسی ئەوەیان پێ دەدرێت یاریی گەڕانەوە لە یاریگای خۆیاندا ئەنجام بدەن، هەر یەکێکیشیان ڕووبەڕووی یانەیەک لە پلەی 17 تاوەکو 24 دەبێتەوە.

ئەو یانانەش کە پلەی 25 و بەرەوخوار بەدەست دەهێنن، دوور دەخرێنەوە، بێ ئەوەی بگەڕێنرێنەوە بۆ خولی ئەوروپی “یوروپا لیگ”.

قۆناغە یەکلاکەرەوەکان

لە قۆناغی 16وە پێشبڕکێکە بەشێوەی ئاسایی خۆی هاوشێوەی فۆرماتی ئێستا بەردەوام دەبێت، تاوەکوو دوو یانە دەگەن بە یاریی کۆتایی، یاریی کۆتاییش لە یاریگایەکی بێلایەندا ئەنجام دەدرێت.

بابەتی پێشتر

پەكەكە ڤیدیۆی هێرشكردنەسەر سەربازگەكەی شیلادزێی بڵاوكردەوە

بابەتی دواتر

زانیاریی نوێ لەبارەی دابەشكردنی مووچەوە بڵاودەكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دانپێدانانێک دەستکەوت و نازناوەکانی مایک تایسنی ئەفسانەی بۆکسێن دەخاتە گومانەوە

مایک تایسن، بۆکسێنه‌ری ئه‌فسانه‌یی ئه‌مریکا و جیهان هه‌میشه‌ به‌سه‌رکێشیه‌کانی ناسرابوو، له‌جیهانی بۆکسێندا که‌سێک نه‌بووه‌ هێنده‌ی ئه‌م ڕه‌ش ئه‌سمه‌ره‌…
Total
0
Share