بۆلودا کێیە و چی پێدەکرێت؟ ئەو ملیاردێرەی چاوی بڕیوەتە کورسی سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژنامەکانی “مارکا و ئاس”ی مەدریدی لێدوانی کەسایەتیەکیان بەناوی ڤینیسنتی بۆلودا بڵاوکردەوە، تیایدا ناوبراو بەڵێن دەدات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ڕیاڵ مەدرید خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانە کاندید بکات.

بۆلودا کێیە؟
ڤینیستی بۆلودا بازرگانێکی ئیسپانییە و تەمەنی ٦٤ ساڵە، لەدایکبووی ڤالێنسیایە و لە ساڵی ١٩٩٤وە ئەندامی فەرمی یانەی ڕیاڵ مەدرید و لە ساڵی ١٩٩٨وە ئەندامی کارا و هاوبەشی یانەکەیە و ژمارەی ئەندامبوونی (٤٧٩٣٦).

ئەم کەسایەتیە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ڤیسینتی کاڵدیرۆن یەکێک بوو لە هاوبەشە بەهێزەکانی یانەی شاهانە و پۆستی ئەندامی ئەنجومەنی ئیدارەی یانەی پێبەخشرا، خاوەنی دوو بڕوانامەی ماستەرە لە بوارەکانی یاسایی و یاسایی دەریاوانی، لە ساڵی ٢٠٠٩ و پاش ناچارکردنی کاڵدیرۆن بە دەستلەکارکێشانەوە، بۆلودا پۆستی سەرۆکایەتی یانەی بەشێوەیەکی کاتیی وەرگرت، بەڵام دواتر کورسییەکەی بۆ فلۆرنتینۆ پێرێز چۆڵکرد (پێرێز پۆستەکەی بە دەنگدان بەدەستهێنا).

مەرج و بەڵێنەکان
دوو مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی یانەی شاهانە کاری پێدەکرێت، یەکەمیان ماوەی ئەندامبوونە کە نابێت لە ٢٠ ساڵ کەمتر بێت، مەرجی دووەمیش پاڵپشتیکردنی کەسی کاندیدە لەلایەن بانکێکی گەورە، یاخود کۆمپانیایەکی تایبەتەوە بە ملیۆنان یورۆی دیاریکراو، ئەم دوو مەرجەش لە ملیاردێرەکەی ڤالێنسیادا هەیە، چونکە جگە لە کۆمپانیای تایبەت و سەروەتی خەیاڵیی، سەرۆکی ژووری بازرگانی ڤالێنسیا و ئیسپانیەکانە بەگشتی.

ئەم کەسایەتیە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە :” ڕیاڵ مەدرید ئەوەی باشە هەڵبژاردنی تێدا دەکرێت، منیش خۆم کاندید دەکەم، بەڵێنیش دەدەم هێرشبەرێکی فەرەنسی ناودار و باشترینی جیهانتان بۆ دابین بکەم، ناوی ئەو یاریزانەش ئاشکرا ناکەم”.

هەندێک لەسەرچاوە مەدریدیەکان پێیان وایە، بۆلودا مەبەستی لە کیلیان مباپێی فەرەنسی ئەستێرەی یانەی پاریس سانت جێرمانە.

پێرێز ڕووبەڕوی بازنە کۆنەکە دەبێتەوە
بۆلودا هاوبەشێکی کاریگەر و نزیکی ڤینسێنتی کاڵدیرۆنی سەرۆکی پێشووی یانەی ڕیاڵ مەدرید بووە، تائێستاش لەنێو هەمان بازنەدایە و پەیوەندی لەگەڵ فلۆرنتینۆ پێرێز بازرگانی و کارگێڕییە، بەدەر لەوە ئەگەر خۆی کاندید بکات دەتوانێت دەنگی زۆرینەی بازنە کۆنەکەی کاڵدیرۆن بەدەست بهێنێت کە چەندین ساڵە لەگەڵ “قرشە سپیەکە” ناگەنە ئەنجام.

بازنەی سەرۆکایەتی ڕابردوو و هاوبەشەکانی کاڵدیرۆن پێیان وایە، لە ساڵی ٢٠٠٩ تۆمەتی ناڕەوایان ئاڕاستەکراوە و لەماوەی دوو ساڵ و نیوی کارکردنیاندا توانیویانە سەرکەوتوو بن، بۆیە نازناوی خولی ناوخۆیان بۆ یەکەمین جار لە ٢٠٠٣وە گەڕاندۆتەوە (ساڵی ٢٠٠٧).

ئایا بۆلودا ڕکابەرێکی بەهێزە؟
بەپێی ئەو زانیاری و داتایانەی بەردەست کەوتوون، بۆلودا ڕکابەرێکی سەرسەختی پێرێزە و یەکەمین جارە لە ساڵی ٢٠٠٩وە کەسایەتیەکی سەرمایەدار هەموو مەرجەکانی تێدا بێت و خۆی کاندید بکات، لە ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٢ و ٢٠١٧ سەرۆکی ئێستا هێندە بەهێز بوو بەبێ ڕکابەر کورسی سەرۆکی بەدەستهێنا، بەڵام ئەمجارە بارودۆخەکە جیاواز دەبێت.

بابەتی پێشتر

(بەژمارە) تیکی تاکا لە یاریگا ئەوروپیەکاندا مردووە و هەڵگرانی فەلسەفەکە بێکار بوون

بابەتی دواتر

پێش چاڤی حەوت ڕاهێنەر گەڕانەوە بۆ یانەکانی پێشوویان، ئایا سەرکەوتوو بوون؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share