لە شاری هەولێر یەکەم حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون ڕاگەیەندرا، لەگەڵئەوەی تائێستا بەتەواوی پشتڕاستنەکراوەتەوە بەڵام گومانی تووشبوونی بە نەخۆشییەکە لێدەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، لە شاری هەولێر حاڵەتێکی گومانلێکراوی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون هەیە، کە لەئەگەری پشتڕاستکردنەوەیدا دەبێتە یەکەم حاڵەتی نەخۆشییەکە لە هەرێمی کوردستان.
بڕیارە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو حاڵەتە گومانلێکراوەوە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زانیارییەکان ئاشکرابکات.
تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە و دوایین حاڵەتیش لە کەرکوک تۆمارکرا، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان جگە لە هۆشداریی لە مەترسیداریی نەخۆشییەکە ڕێکار و ڕێنمایی لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە.
دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدوون بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “نەخۆشییەکە بەگشتیی لە عێراق بڵاوە، بۆیە پێویست بە خۆپارێزی و ڕێکاری تایبەت بەو نەخۆشییە دەکات لە هەرێمی کوردستان و ئێمەش لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆپاراستنەوە ئەو ڕێکارانە بڵاودەکەینەوە”.
دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدوون لەگەڵئەوەی جەختی لە مەترسیداریی دۆخەکە کردەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی لە پارێزگاکانی عێراق، ئاشکراشیکرد کە نەخۆشییەکە ساڵانی دیکەش هەبووە و تووشبوون و گیانلەدەستدانیش تۆمارکراوە بەڵام ئەمساڵ ژمارەکە زیاترە.
تائێستا لە عێراق هەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە و 40 تووشبووی نەخۆشییەکەش ئێستا لە نەخۆشخانەکاندان.