لێكۆڵینەوەیەكی ئەمریكیی نوێ دەڵێت، ئەو بەنجەی لە نەشتەرگەریدا بەكاردەهێنرێت، دەبێتەهۆی قەتیسبوونی گەرما و ماوەی 114 ساڵ لە بەرگەهەوادا دەمێنێتەوە.
زانیارییەكە نوێیە و تەنانەت ڕەنگە نامۆ بێت، سیستمی چاودێریی تەندروستیی ئەمریكا، بەرپرسە لە 5 بۆ 10%ی پیسبوونی هەوا و قەتیسبوونی گەرما، ئەمە ئەنجامی نوێترین لێكۆڵینەوەی زانستیی ئەمریكییە لەبارەی كاریگەرییەكانی كەرەستەی بەكارهاتوو لە كەرتی تەندروستیدا لەسەر ژینگە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكە، ئەو دەرمان و گازانەی لە بێهۆشكاریدا بەكاردەهێنرێن، دەبنەهۆی زیادبوونی ڕێژەی قەتیسبوونی گەرما و ماوەی 114 ساڵ لە بەرگەهەوادا دەمێننەوە و چینی ئۆزۆن تێكدەدەن و دیاردەی گۆڕانی ئاووهەوا ئاڵۆز و خراپتر دەكەن.
ڕوونكردنەوەی زیاتر لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەدا خراوەتەڕوو و ئاشكرایكردووە، لە پرۆسەی بێهۆشكردنی نەخۆشدا، كاتێك كەسێك بۆ نەشتەرگەری بەنجدەكرێت، جەستەی تەنها 5%ی ئەو بەنجە وەردەگرێت و ئەوەی ماوەتەوە دەچێتە بەرگەهەواوە.
زانیارییەكی تری “سەرسووڕهێنەر” كە لێكۆڵینەوەكە ئاشكرایكردووە، ئەوەیە كە بەنج و دەرمانی بێهۆشكردن، 2000 جار زیاتر لە گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، گەرما قەتیسدەكەن.
پێشتر هەموو لێكۆڵینەوەكان جەختیان لەوە دەكردەوە كە گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، سەرەكیترین هۆكاری قەتیسبوونی گەرمایە.