پەیامنێرانی بێسنوور: ئەردۆغان هێرشی بۆسەر ڕۆژنامەنووسان زیادکردووە

بەپێی ڕاپۆرتی نوێی پەیامنێرانی بێسنوور، لەڕووی ڕیزبەندیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە تورکیا بە پلەی 149 دێت، لە کۆی 180 وڵاتی ناو ڕیزبەندییەکە و ئەردۆغان هێرشی بۆسەر ڕۆژنامەنووسان زیادکردووە.

وەک هۆکارێک بۆ ئەم پاشەکشەی ئازادییە، ڕێکخراوەکە ئاماژە بە زیادبوونی دەستتێوەردانی سیاسی و ڕێگریکردنی ڕۆژنامەنووسان داوە، لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیادا.

ڕێکخراوەکە لە ئیندێکسی ئەمساڵیدا لەبارەی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە لە تورکیا ڕوونیکردووەتەوە، لەو وڵاتە دەستوەردان و ڕێگرییەکانی دەسەڵات زیادیانکردووە و ئەمەش کێشەیە لەبەردەم ئازادیی ڕۆژنامەنووساندا.

بەپێی شیکارییەکانی پەیامنێرانی بێسنوور، لە ئێستادا نزیکەی لە سەدا  90ی میدیای ئەو وڵاتە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی تورکیادایە و “هەموو شێوازەکان دەگیردرێنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە ڕەخنەگرەکان”.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023دا، سەرۆکایەتییە ئەوپەڕگیرەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هێرشەکانی بۆسەر ڕۆژنامەنووسان زیادکردووە، لە گرەوێکدا بۆ لادانی سەرنج لەسەر پاشەکشەی ئابوری و دیموکراسیی وڵاتەکە”.

چەندین ڕۆژنامەنووسی “هەستیار” ناسنامەی ڕۆژنامەگەرییان لێسەندراوەتەوە و چەندین دادوەری نزیک لە لایەنی دەسەڵاتدارەوە، حوکمی سانسۆرکردنیان بۆ چەندین ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیی نێو پێگەکانی ئینتەرنێت دەرکردووە، لەبەر ئەوەی گەندەڵی و بابەتی دیکەی هەستایریان خستووەتە بەرباس، ئەمەش وایکردووە بڵاوکردنەوەی بابەتی ڕۆژنامەوانی لە ئاستێکی بەرز و پیشەگەرانەدا کارێکی ئەستەم بێت.

لەو کێشە و مەترسییانەی تر کە لە تورکیادا ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان دەکرێنەوە، پەیامنێرانی بێسنوور ئاماژەی بە دیاردەی ڕاپێچکردنی ڕۆژنامەنووسان بۆ دادگا داوە، لەڕێی تۆمەتبارکردنیانەوە بە “سوکایەتیکردن”.

جگە لەمە، ڕاپۆرتەکە باسی لە سەرپێخستنی کەمپین کردووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕەگەزی مێ، بەتایبەتیش دژ بەو ژنە ڕۆژنامەوانانەی تیشک دەخەنە سەر توندوتیژیی دژی ژنان و شێوەکانی دیکەی دەستدرێژیی ڕەگەزی.

بەپێی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019وە توندوتیژی دژی ئەو ڕۆژنامەنووسانە زیادیکردووە کە ڕەخنەگرن لە ئەردۆغان و هەریەک لە پارتی “مەهەپە” و “ئاکەپە”.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر منداڵێک بە یاریی جۆلانێ گیان لەدەستدەدات

بابەتی دواتر

ڕۆما ناوەندگیریی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share