ڕوانگەی عێراقی بۆ ئازادییەکانی رۆژنامەگەری ئاشكرایكردووە، “ئەگەر پڕۆژەیاسای تاوانی دزەپێکردنی زانیاری لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند بکرێت، ئەوا نیوەی گەلی عێراق دەخرێنە زیندانەوە”.
ئەمڕۆ شەممە، دانیشتنی ژمارە 23ی ئاسایی وەرزی یەکەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وەرزی نوێی یاسادانان بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی كارنامەی دانیشتنەكە ژمارەیەک پڕۆژەیاسا خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت و دەخرێنە دەنگدانەوە لە نێویاندا پڕۆژەیاسای تاوانی دزەپێکردنی زانیاری هەیە.
لەمبارەیەوە ڕوانگەی عێراقی بۆ ئازادییەکانی ڕۆژنامەگەری لە ڕاگەیەنراوێکدا ترسی خۆی لە لێکەوتەکانی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای تاوانی دزەپێکردنی زانیاری لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پیشانداوە و دەڵێت، “ئەگەر پڕۆژەیاسای تاوانی دزەپێکردنی زانیاری لەم ڕەوشە ناسەقامگیرەی کە عێراق لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە پیایدا تێدەپەڕبێت پەسەند بکرێت، ئەوا دەبێتە ھەڕەشە بۆسەر ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی”.
ڕوانگە عێراقییەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، “پڕۆژەیاسای تاوانی دزەپێکردنی زانیاری کە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە، بەھیچ شێوەیەک ڕاوبۆچوونی ڕێکخراوەکانی پەیوەندار بە ئازادیی ڕادەبڕین و مافەکانی مرۆڤی لەسەر وەرنەگیراوە، بۆیە ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت، ئەوا نیوەی گەلی عێراق دەخرێنە زیندانەوە”.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ شەممە پڕۆژەیاسای تاوانی دزەپێکردنی زانیاری گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت”.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشداوە، پڕۆژەیاسای تاوانی دزەپێکردنی زانیاری، پڕۆژەیاسایەکی چارەنووسازە و ژمارەیەک مادە لەو پڕۆژەیاساكەدا ھەن کە پێویستە ھەموار بکرێنەوە و ڕاشیگەیاندووە، “بەھۆی ئەوەی تاوانی دزەپێکردنی زانیاری تایبەتە بە چالاکوانان، ڕۆژنامەوانان، ڕاگەیاندکاران و شرۆڤەکاران، پێویست بوو پەرلەمان ڕاوبۆچوونی ئەو چالاکوانان، ڕۆژنامەوانان، ڕاگەیاندکاران و شرۆڤەکارانی لەسەر پڕۆژەیاساکە وەربگرتایە”.
ڤیان سەبری ئەوەشی خستوەتەڕوو، “نامانەوێت ئەو پڕۆژەیاسایە بەرەو دەسەڵاتێکی نوێی دیکتاتۆرییەت بمانبات”.