ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەریدا ئاشکرایکردووە، ڕۆژ بە ڕۆژ ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان بەرتەسک دەکرێتەوە، هیچ ڕۆژنامەنووسێک پارێزراو نییە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ڕایگەیاندووە، ڕۆژنامەنووسان ناتوانن بە ئازادانە کاری پیشەیی خۆیان بکەن.
ئاماژە بە پێشێلکاریی پەرلەمانی کوردستان دەکات بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و دەڵێت، پەرلەمان لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە تا ئێستا بەردەوامە لە پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، “پەرلەمان جیاکاری دەکات لە پێدانی زانیاری لەنێوان دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئەو جیاوازییە خەریکە دەزگاکانی حکومەتیش بگرێتەوە”.
ڕێکخراوەکە باسلەوەدەکات دەزگا ئەمنییەکان بەردەوامن لە دەستگیرکردن، هەڕەشە و شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسان، داوادەکات سێ سەرۆکایەتییەکە ڕێز لە بڕیار و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بگرن لەپێناو لەکەدار نەکردنی ناوبانگی هەرێمی کوردستان.
هەروەها داوا لە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان دەکات کار بەیاسای کاری ڕۆژنامەگەریی ژمارە 35 بكرێت، هیچ دەستتێوەردانێکی حزبی و حکومی قبوڵ نەکات.