بەهای پشكەكانی تویتەر و تێسلا دابەزین و كڕینی تویتەر “شكستدەهێنێت”

ئیلۆن مەسك

پێنج هۆكار خراونەتەڕوو دووانیان دابەزینی بەهای پشكەكانی تویتەر و تێسلان و میدیا و شرۆڤەكارانی ئەمریكی دەڵێن، بەهۆیانەوە كڕینی تویتەر لەلایەن ئیلۆن مەسك-ـەوە شكستدەهێنێت و ناوبراو لەو بڕیارەی پاشگەزدەبێتەوە.

تەنها دوای ڕۆژێك لە كڕینی كۆمپانیای تویتەر لەلایەن ئیلۆن مەسك ملیاردێری ئەمریكییەوە، پشكەكانی كۆمپانیاكە دابەزین، هۆكارێك كە یەكگرتنی لەگەڵ چەند هۆیەكی دیكەدا، وایانكردووە پێشبینیی هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنی كڕینی تویتەر لەلایەن مەسكەوە بكرێت.

هەفتەی ڕابردوو ئیلۆن مەسك كۆمپانیای تویتەری بە 44 ملیار دۆلار كڕی بە تێكڕای 54.20 دۆلار بۆ هەر پشكێك، ئەوەش بە زیادەی 38%ی نرخی پشكەكانی لە بازاڕدا بەر لە ڕاگەیاندنی نیازی مەسك بۆ كڕینی كۆمپانیاكە.

دواتر بەهای پشكەكانی تویتەر زیاتر دابەزین  تا ڕادەی 48 دۆلار بۆ یەك پشك، ڕۆژنامەی واشنتن پۆست دەڵێت، ئەو هۆكارە و چوار هۆكاری تر وادەكەن مەسك لە خاوەندارێتیكردنی تویتەر شكستبهێنێت و پاشگەزببێتەوە.

هۆكاری دووەم، دابەزینی بەهای پشكەكانی كۆمپانیای تێسلا-یە كە ئۆتۆمبێلی كارەبایی دروستدەكات و مەسك خاوەنیەتی، مەسك دەیەوێت 21 ملیار دۆلار لە پشكەكانی خۆی لە تێسلا تەرخانبكات بۆ تویتەر، بەڵام ئێستا بەهای پشكەكانی تێسلا دابەزیوە و لە بازاڕی پشكەكاندا كۆمپانیاكە 100 ملیار دۆلاری لە بەهاكەی لەدەستداوە.

لەبارەی هۆكاری سێیەمەوە، شرۆڤەكارانی بازاڕی دراو ئاشكرایانكردووە كە تویتەكانی مەسك لە تویتەر، دووچاری گرفتی دەكەن لەگەڵ لیژنەی كاغەزە داراییەكان و بۆرسەكانی ئەمریكادا، چونكە مەسك 88 ملیۆن فۆڵۆوەری لە تویتەر هەیە و هەر تویتێك بڵاویدەكاتەوە، كاریگەری دروستدەكات و بە باش و خراپ لێكەوتەی دەبێت.

هۆكاری چوارەم كە ڕێگەخۆشكەرە بۆ هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنی كڕینی تویتەر، ئەو ڕەسمەیە كە بڕەكەی ملیارێك دۆلارە و دەبێت مەسك یان تویتەر لە كاتی هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنەكەدا بیدەن بە یەكتر، بەوەدا كە تەنها ڕۆژێك دوای كڕینی كۆمپانیاكە لەلایەن مەسكەوە، بەهای پشكەكانی دابەزیوە، چاوەڕواندەكرێت لە ئەگەری پاشگەزبوونەوەی مەسك لە كڕینی تویتەر، پارەكە بەدەستبهێنێت.

دوایین هۆكار كە هەڵوەشانەوەی كڕینی تویتەر دەكات بە ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو، ئەوەیە كە وەك شرۆڤەكاران دەڵێن، مەسك بە جۆش و خرۆشە بۆ بوون بە خاوەنی تویتەر و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكە، بەڵام پێدەچێت بۆچوونی بگۆڕێت و ئەو دڵگەرمییەی پێشووی نەمێنێت و بەوەش لە ڕێككەوتنی كڕینی تویتەر بكشێتەوە.

بابەتی پێشتر

16 ساڵ منداڵترت دەکاتەوە.. نهێنیی گەنجێتی دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

پارێزگاری هەولێر: 138 بیری نوێ لێدەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share