زاناکان ڕایانگەیاندووە، نهێنیی گەنجییان دۆزیوەتەوە و دەکرێت لەڕێگەی بەپێ ڕۆیشتنەوە پێیبگەیت، چونکە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە جەستەییە خانەکانی جەستە بە گەنجی دەهێڵێتەوە، ئەمەش بەپێی توێژینەوەیەک لەسەر 400 هەزار کەس لە بەریتانیا ئەنجامدراوە.
بەپێی توێژینەوەیەکی گۆڤاری “کۆمیونیکەیشنس بیۆلۆجی”، توێژەرانی زانکۆی لیستەر-ی بەریتانیا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی چالاکیی بەپێ ڕۆیشتنی خێرا دەکرێت کەسێکی تەمەن 56 ساڵ لەڕووی جەستەیی و بایۆلۆژییەوە 16 ساڵ گەنجتر بکاتەوە.
لە گۆڤارەکەدا ڕوونکراوەتەوە، بۆ یەکەمینجار توێژینەوەیەک گەیشتووە بەو ئەنجامەی پەیوەندییەک لەنێوان خێرایی ڕۆیشتن و “تیلۆمیت”ەکانی ناو خڕۆکەکانی خوێندا هەیە، کە سستبوونیان هۆکارێکە بۆ پیری.
وەرزشی بەپێ ڕویشتن و ڕێکردنی خێرا یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لەم حاڵەتە.
زاناکان ڕێنماییانداوە، رۆژانە بۆ ماوەی 10 خولەک ئەم چالاکییە ئەنجامبدرێت و لە کاتی ئاسایی و ژیانی ڕۆژانەشدا، زیاتر پشت بە ڕۆیشتنی خێرا ببەسترێت تاکو زۆرترین سوودی تەندروستی لەو ڕێیەوە بەدەستبهێندرێت.
ڕۆیشتنی توند بە خێراییەک دەبێت زیاتربێت لە 6.4 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و لە خوار ئەو خێراییەوە بە ڕێکردنی خاو دادەنرێت.
بۆیە بۆ بەدەستهینانی تەمەنێکی درێژتر و جەستەیەکی گەنجتر، بە خێراییەک هەنگاوبنێ کەمتر نەبێت لە 6.4 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.