بەرپرسێكی ئێرانی ناوەرۆكی سەردانی دوو هەفتە لەمەوبەری بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات و دەربارەی ڕاپۆرتەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش سەبارەت بە هێرشەكەی سەر هەولێر دەڵێت، ڕاپۆرتەكە “یەكلاینەكردووەتەوە خانوەكەی هەولێر پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە نەبێت”.
حەسەن دانایی فەر باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی (ئیلنا)ی ئێرانی دەربارەی سەرۆكایەتیكردنی شاندێك بۆ عێراق بەمەبەستی چارەسەركردنی بۆشایی سیاسی ڕایگەیاند، چەندین جار سەردانی عێراقم كردووە، دوو هەفتە لەمەوبەر سەردانی هەولێرم كرد، ئاسایی-شە لە داهاتوودا سەردانی دیكەی لەو جۆرە ئەنجامبدەین.
وتیشی، “ویست و ئامانجمان لەم سەردانانە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانە بەجۆرێك گونجاوبێت لەگەڵ هەماهەنگیی بونیادنەرانەی نێوان هەردوو وڵات”. باوەڕمانوایە دروستكەرانی بڕیاری كۆتایی و بنەڕەتی لایەن و گروپە عێراقییەكانە، هیچ یاریكەرێكی هەرێمی یان دەرەوەی هەرێم ناتوانێت پرسێك بەسەر ناوخۆی عێراقدا بسەپێنێت.
دەربارەی سەردانەكەشی بۆ هەولێر دانایی فەر ڕوونیكردەوە، “گفتوگۆی ڕوون و ڕاشكاومان كرد، ڕوون و ڕاشكاو بووین لەگەڵ یەكتریدا”.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا دەربارەی ناوەرۆكی ڕاپۆرتەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە دەڵێت، هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت خانووە بەئامانجگیراوەكە پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەبێت، باڵیۆزی پێشووی ئێران وتی، “ڕاپۆرتەكەم خوێندەوە.. بڕگەی جیاوازی تیایە” و وتیشی، “ڕاپۆرتەكە یەكلاینەكردووەتەوە كە ئەو خانووە پەیوەندی بە ڕژێمی زایۆنیی (ئیسرائیل)ەوە هەبووە یاخود نا، ئەمە بابەتێكی ئەمنییە كە لەنێوان لایەنە ئەمنییەكاندا دەخرێتەڕوو، هەرئەوەی كە عێراق سكاڵاكەی خۆی كشاندەوە نیشاندەری جۆرێك لە قایلبوون بوو لە كۆمەڵگای عێراقیدا، بەسروشتی حاڵ، ڕاپۆرتەكان لەسەر بنەمای دەستڕاگەیشتن بە تۆمار و زانیارییە تایبەتییەكان ئامادە و بڵاودەكرێنەوە”.
هەروەك سەبارەت بە سەردانەكەی ئەمدواییە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئێران دوا و ڕایگەیاند، دەكرێت كۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەكانی و قەڵەمڕەوییەوە، بتوانێت هاریكاریی پارت و ڕەوتە سیاسییەكان بكات بۆ دەرچوون لەو دۆخەی عێراقی تێكەوتووە، لەو چێوەیەشدا دەكرێت هەڵسەنگاندن بۆ سەردانەكەی حەلبوسی بۆ تاران بكرێت.