بڕیار لەبارەی دامەزراندنی خۆبەخشانی تەندروستییەوە دەدرێت

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەسەر ناڕەزایی خۆبەخشانی تەندروستیی بڕیاریدا و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی ئاگادارکراونەتەوە لە ناردنی ناوەکانیان بەمەبەستی دامەزراندن.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا دوای ئەنجامدانی گردبوونەوە و بایکۆتکردنی ناوەندە تەندروستییەکان لەلایەن خۆبەخشانی تەندروستییەوە لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستی دوای کۆبوونەوەکە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانیان ئاگادارکردەوە لە ناردنی ناوی خۆبەخشەکان بەپێی پێویست تاوەکو وەزارەت ناوەکان بەرزبکاتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی دامەزراندنیان.

سەبارەت بەوەی ئایا هیچ ڕێژەیەک بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان دیاریکراوە لە دامەزراندن؟ جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی باسی لەوەکرد، “وەک ڕێژە دیارینەکراوە تەنها ئاگادارکراوینەتەوە لە ناردنی ناوەکان و ئێمەش ناردمان”.

دکتۆر هێرش سەید سەلیم باسی لەوەکرد، ڕێژەی کارمەندی میلاک لە سلێمانی زۆر کەمە تەنها 45%ی کارمەندەکانیان میلاکی خۆیانن و ئەوانی دیکەیان خۆبەخشن.

بەپێی وتەی دکتۆر هێرش سەید سەلیم، لە سلێمانی لە 27 هەزار کارمەندی میلاک کە پێویستیانە، ئەوان 12 هەزار و 500 میلاکیان هەیە ئەوەی دیکەی یان دانەمەزرێنراون یان دامەزرێنراون  و کۆچیانکردووە، مردوون یان بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانن دەوام بکەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆبەخشانی تەندروستیی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە گردبوونەوە و بایکۆتکردنی ناوەندە تەندروستییەکانیان ڕاگەیاند، بەهۆی دامەزراندنی ژمارەیەک لە خۆبەخشانی تەندروستی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ، خۆبەخشانی تەندروستی داوای یەکسانیی دامەزراندنیان دەکرد لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە خۆبەخشانی تەندروستیی دهۆک بۆ هەمان مەبەست گردبوونەوەیان ئەنجامدا و ئاشکرایانکرد، کە زۆرینەی ئەوانەی دامەزرێنراون کادیری پارتین و بە فەرمانی پارتی دامەزرێنراون نەک مافی خۆیان.

بابەتی پێشتر

دوایین زانیاری لەبارەی كۆچبەرانی بیلاڕوسیاوە

بابەتی دواتر

كەركوك و بەغداد.. سێ چەكدار و دوو حەشارگەی تەقەمەنیی داعش دەستیان بەسەرداگیرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share