زانایان هۆشداریدەدەن لەوەی پێكهاتەی كیمیایی كە لە چەند كەرەستەیەكی ناوماڵ لەوانە ماكیاژدا هەن، مەترسین بۆسەر تەندروستیی مرۆڤ و زیان بە گورچیلە و جگەر دەگەیەنن تا ڕادەی تووشكردنیان بە شێرپەنجە و لەناوبردن.
بەپێی ئەنجامی دوو توێژینەوەی زانستی، كەرەستەكان بریتین لە تاوەی سووركردنەوەی خواردەمەنی ئەو جۆرەی كە شتی پێوەنالكێت، لەگەڵ پۆشاكی دژەئاو و كەفی ئاگركوژاندنەوە و كەرەستەكانی ئارایشتی ژنان.
ڕۆژنامەی “زە هڵ”ی ئەمریكی ئەنجامی توێژینەوەی زانایانی ئاشكراكردووە و دەڵێت، ئەو كەرەستانە، پێكهاتەی كیمیایی لە جۆری سیلفۆنی تێر فلۆر “PFAS” لەخۆدەگرن كە بە بەركەوتنیان دزەدەكەنە ناو جەستەوە و ڕێژەی ئینزیمی جگەر ناسراو بە “ALT” بەرزدەكەنەوە.
لیدا شاتزی مامۆستای زانستی دانیشتووان و تەندروستیی گشتی لە كۆلێژی “كیك” بۆ پزیشكی لە زانكۆی باشووری كاڵیفۆرنیا دەڵێت، “سیلفۆنی تێر فلۆر كاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستیی جەستە هەیە و تا دێت مەترسییەكانی زیاتر دەبن”.
ڕۆژنامە ئەمریكییەكە لە بەدواداچوونەكەیدا، ئەنجامی توێژینەوەیەكی پێشووتری لەبارەی هەمان مەترسییەوە ئاشكراكردووە كە هۆشداری دابوو لەوەی پێكهاتە كیمیاییەكانی ناو كەرەستەكانی ژیانی ڕۆژانە، هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی كۆلیسترۆڵی خوێن، هەوكردنی كۆڵۆن، نەخۆشییەكانی ڕژێنی دەرەقی و شێرپەنجەی گورچیلە.