وتەبێژی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نوری مالكی، دوایین پێشهاتەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەوڵەكانی ڕێككەوتن و پێكهێنانی حكومەت ئاشكرادەكات و دەڵێت، “دەستپێشخەریی نوێمان دەبێت”.
بەها نوری وتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، وەك چێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەرییەكی نوێمان دەبێت بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییەی ئێستا و پێكهێنانی حكومەتی نوێ.
وتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاشكرایكرد، “پابەندی ئەو 40 ڕۆژە نابین كە موقتەدا سەدر بۆ پێكهێنانی حكومەت دیاریكردووە و دەبێت گەورەترین فراكسیۆن پێكبهێنرێت و كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەستنیشانبكات كە بەهێزبێت و بتوانێت كێشەكانی عێراق چارەسەربكات”.
وتیشی، “هەوڵدەدەین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ هاوپەیمانیی سێقۆڵی گفتوگۆ دەستپێبكەین بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی و چاوەڕوانی ئەنجامی كۆبوونەوەكان دەكەین”.