پارە بۆ مووچەی مانگی ئایاری تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی دابینكرا و وەزیرێكی كورد لە حكومەتی عێراق دەڵێت، بڕۆن مووچەكانتان وەربگرن.
سالار عەبدولستار وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عێراق بە وەكالەت ڕایگەیاند، پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی ئایاری سوودمەندبووانی تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی تەرخانكراوە كە ژمارەیان زیاترە لە ملیۆنێك و 400 هەزار خێزان.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وەزیرەكە بە وەكالەت بڵاویكردووەتەوە، داوا لە خێزانە سوودمەندبووەكان دەكات سەردانی نووسینگەكانی وەرگرتنی مووچە بكەن و پارەكانیان بە شێوەی ئەلیكترۆنی وەربگرن.