بانكی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لەوەی نرخی خۆراك و وزە كە بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاوە بەرزبووەتەوە تا كۆتایی ساڵی 2024 بە بەرزی دەمێنێتەوە.
بانكەكە لە نوێترین ڕاپۆرتیدا دەربارەی پێشبینییەكانی بازاڕی شمەكی سەرەتایی دەڵێت، شۆكی نرخی جیهانیی خۆراك و وزە چاوەڕوان دەكرێت لانیكەم تا كۆتایی 2024 بەردەوام بێت و مەترسی هەڵاوسان ڕوو لە بەرزبوونەوە بێت.
لە یەكەم شیكردنەوەی تەواودا دەربارەی كاریگەریی جەنگ لە ئۆكرانیا لەسەر بازاڕی شمەك، بانكەكە كە قەرز و مینحە دەداتە وڵاتانی داهات كەم و مامناوەند، دەڵێت، جیهان لە بەردەم گەورەترین شۆكی نرخی شمەكە سەرەتاییەكاندایە لەوەتەی حەفتاكانی سەدەی ڕابردووەوە.
ئەو شۆكە كۆتوبەندەكانی سەر بازرگانیی خۆراك، وزە و پەینی كیمیایی كشتوكاڵی زیادكردووە.
ڕوسیا گەورەترین سەرچاوەی غازی سروشتی و پەینی كیمیاییە لە جیهانی دووەم گەورە هەناردەكاری نەوتی خاویشە. لەگەڵ ئۆكرانیاشدا نزیكەی یەك لەسەر سێی هەناردەی گەنم لە جیهاندا و 19%ی هەناردەی گەنمەشامی و 80%ی هەناردەی زەیتی گوڵەبەڕۆژە پێكدەهێنن.
بەرهەمهێنان و هەناردەی ئەم شمەكانە و شمەكەكانی دیكە لە دوای شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا لە 24ی شوباتی ڕابردووەوە پەكیكەوتووە.
لە ئاكامیدا بانكی نێودەوڵەتی پێشبینی دەكات نرخی وزە بە زیاتر لە 50% لە 2022دا بەرزببێتەوە بەر لە جارێكی دیكە دابەزینەوەی لە 2023 و 2024. لەكاتێكدا بەرهەمەكانی دەرەوەی وزە، لەوانەش بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و كانزاكان چاوەڕواندەكرێت بە نزیكەی 20% لە ساڵی 2022دا بەرزببنەوە.
بانكەكە دەڵێت، نرخی شمەكە سەرەتاییەكان بە ئاستێكی زۆر كەم دادەبەزێت و زۆر زیاتر لە نوێترین ئاستی مامناوەندی خۆی دەمێنێتەوە.