ھوشەنگ کامکار بۆ ڕۆژی سنە چی دەڵێت؟

هونەرمەند هۆشەنگ کامکار لە ڕۆژی شاری سنەدا پیرۆزبایی لە هاوشارییانی دەکات و دەنووسێت، ژیان، کردەوە، خوو و بەرهەمەکانیشیان لەژێر کاریگەریی ئەو شارەدایە، “شەشی گوڵان لە مێژوودا ناونراوە بەناوی سنە”.

هۆشەنگ کامکار بۆ ڕۆژی سنە بەناونیشانی “سنە، شاری موسیقا، شاری ئێمە” نووسیویەتی، “ئەو شارە ڕەنگدانەوەی لەسەر بیر و هزری ئێمە هەبووە”، “وەها لەیادماندا زیندوو ماوە وەک بۆنی باوەشی دایکمان ئەدا”.

دەقی نووسینەکەی هونەرمەند هۆشەنگ کامکار:

سنە، شاری موسیقا، شاری ئێمە

ژیان، کردەوە، خوو و بەرهەمەکانی ئێمەی کامکارەکان، وەک بەرهەمگەلی باقیی مرۆڤەکان، لە ژێر کاریگەریی ئەو باژێڕە دایە کە تیا گەورەبووە.

سنە، ئەو شارەیە کە ئێمە مناڵی و مێرمنداڵیمان لە سرووشتی جوان و لە تەک خەڵکە هونەردۆست و لێهاتووەکەیدا بەسەربردوە. ئەو شارەیە کە ڕەنگدانەوەی فرەی لەسەر بیر و هزری ئێمەدا بووە. ئەو شارەیە کە جوانیی بەهارانی ئاویەرەکەی، وەها لە یادمانا زینگ ماگە وەک بۆنی باوەشی دایکمان ئەدا.

ئێمە، لە گشت بەرنامەکانمان‌دا، بە شانازیەوە بۆ جوانی و شکۆی نیشتمانمان گۆرانیمان وتووە و نەک تەنیا لە بەرهەمە فۆلکلۆرەکان‌دا، بەڵکوو لە فرەیەک لە بەرهەمگەلی سەمفۆنیکی من و ئەرسەلانیش‌دا، بەردەوام شوێنپێی موسیقای زێدمان و موتیفگەلی فەرهەنگیی ئەو هەرێمە دیارە. بۆ وێنە بەهارانی ئاویەر، سەمفۆنیی هەڵەبجە، ئەفسانەگەلی زێدی باوکی و کوردستان خۆشە.

شەشی گوڵان لە ڕۆژمێردا، ناونراوە بە ناوی سنە.

ڕۆژی شاری موسیقا.

بۆیە ئەم یادە لە کانی دڵەوە لە گشت هاوشارییانی ئازیزم پیرۆزبایی ئەکەم و هیواخوازم یادە جوانەکانی ئەو دیارە، لە دڵیان‌دا، هەرمان بێ.

 

بە ئاواتی سەربەرزی و سەرکەوتن.

 

بابەتی پێشتر

نرخی دۆلار دابەزی

بابەتی دواتر

‏"تاپۆمان هەیە"‏<br>لە هەولێر دانیشتووانی گوندێك ناچار بە چۆڵكردن دەكرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share