کۆرۆنا چین دەخاتە بەردەم مەترسیی داخستنی تەواوەتی.. دڵی دارایی چینی پەکخستووە

دەسەڵاتدارانی تەندروستیی پەکین ڕایانگەیاند، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ بەدواداچوون و کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کە ماوەی هەفتەیەکە لەدوای شەنگەهایەوە لە پەکینی پایتەختیش بڵاوبووەتەوە، ئەمەش ئەگەرەکانی داخستنی شارەکانی دیکەی چین بەتەواوی زیاتر دەکات.

بەرپرسانی تەندروستیی پەکین جەختیان کردەوە، بەتەواوی چاودێریی حاڵەتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەکەن لەسەرجەم ناوچەکانی وڵاتەکەدا، باسیان لە بڵاوبوونەوەی خێرای زنجیرە جیاوازەکانی کۆرۆنا لە پایتەختی چین کردەوە.

بەرپرسانی پەکین ئاشکرایانکرد، سەرەڕای حاڵەتە دەستنیشانکراوەکان، حاڵەتی شاراوەی بێ نیشانە ڕێژەیەکی زۆرە کە مەترسیی گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی زیاتر کردووە، جەختیانکردەوە، ئەو دۆخەی لە پەکین دروستبووە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەناکاو و مەترسیدارە دەبێت بەخێرایی ڕێکاری توند لە شارەکە جێبەجێبکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا لە شەنگەهای و داخستنی ئەو شارە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوامی هەیە، ئەوەش شەنگەهایی وەک دڵی دارایی چین پەکخستووە، کە ڕۆژانە زیاتر لە 20 هەزار تووشبوونی نوێ تۆماردەکەن.

ئەمە سەرەڕای بەرزبوونەوەی گیانلەدەستدان بەبەردەوامی بەجۆرێک بەپێی ئامارە فەرمییەکان ڕۆژی یەکشەممە 39 کەس لەو شارە گیانیان لەدەستداوە، ئەمڕۆ ژمارەکە بۆ 51 گیانلەدەستدان بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەو شارە جەختدەکەنەوە کە ئەو ژمارەیەی تۆماری دەکەن کەمترە لە ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبوون و گیانلەدەستدان.

دەسەڵاتی پەکین هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە لە پایتەخت، لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەکانی دەوروبەری پەکینی داخستووە و ڕێگری لە چوونەدەرەوەی هەرکەسێک دەکرێت لەو ناوچانە، بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنین بۆ سەرجەمیان و دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی تووشبوون.

هەروەها ئاگاداری هاوڵاتییانی پەکینیش کراوەتەوە لە شارەکە نەچنە دەرەوە، بەهۆی مەترسیی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.

بەپێی ڕێنمایی دەسەڵاتی تەندروستیی پەکین لەهەر ناوچەیەکی نزیک لە پایتەخت ئەگەر حاڵەتی تووشبوونی ڤایرۆسەکە تۆمارکرا، ڕاستەوخۆ شوێنەکە دادەخرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە ڕێکارەکانی داخستن و کەرەنتینکردن لە شەنگەهای بێزاری و توڕەیی لای خەڵکی شارەکە دروستکردووە، ئەوان بە هەوڵ و ماندووبوونی زۆر دەتوانن خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانیان دەستبکەوێت.

ئەو شارە کە پێشتر بانگەشەی ئەوەیان دەکرد بەتەواوی داناخرێت بەڕووی دەرەوەدا، ئێستا لە دەرەوەی دابڕاوە بەوەش ناوەندی ئابوریی چین تووشی ئیفلیجی بووە.

ڕێکارەکانی داخستن جگە لە شەنگەهای لانیکەم 10 شار و ناوچەی دیکەی گرتووەتەوە، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان یان بەتەواوی داخراون یان ڕێکاری توندی هاتوچۆ و جموجوڵیان تێدا گیراوەتەبەر و وەک نیمچە داخراو دادەنرێن.

بابەتی پێشتر

فڕۆكەی توركی ئۆتۆمبێلێكی بۆردومانكرد كە هەوڵیدەدا هێرشبكاتەسەر سەربازگەی زیلكان

بابەتی دواتر

ئەحمەد سەحاف: عێراق دژی توركیا هەنگاو دەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share