رۆژی جیهانیی بەرزیی پەستانی خوێنە

ئەمڕۆ 17/5 بە رۆژی جیهانیی بەرزیی پەستانی خوێن ناسراوە؛ پسپۆڕانی تەندروستی چەند رێگەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخەدا دەخەنەڕوو.

پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن، یەکەم هەنگاو بۆ وەستانی بەرزیی پەستانی خوێن، دوورکەوتنەوەیە لە هۆکارە سەرەکییەکەی، کە زۆرجار هۆکارەکەی گەرما، یان فشاری دەروونییە.

بەرزیی پەستانی خوێن حاڵەتێکی باوە و کاریگەریی لەسەر خوێنبەرەکانی لەش دەبێت؛ لەگەڵ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هێزی پاڵنانی خوێن بە دیواری خوێنبەرەکان بەردەوام بەرزدەبێتەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی دڵ زیاتر کار بکات بۆ ناردنی خوێن.

پەستانی خوێن لە سەرووی 120/180 ملیمەوە، وەک حاڵەتێکی فریاگوزاری یان بەرزیی ئاستی پەستانەکە وەسفدەکرێت و پێویستە بەپەلە سەردانی پزیشک بکرێت؛ زانایان باسلەوەدەکەن، ئەگەر بەرزیی پەستانی خوێن لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکرێت، ئەگەری جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و کێشە تەندروستییە مەترسیدارەکانی دیکە زیاددەکات.

بۆیە بە وتەی پسپۆڕان، گرنگە لە دوای تەمەنی 18 ساڵییەوە، بەلایەنی کەمەوە هەر دوو ساڵ جارێک پەستانی خوێن بپێورێت.

پەیڕەوکردنی چەند رێگەیەکی وەک جگەرە نەکێشان، وەرزشکردن و خواردنی خۆراکی تەندروست، یارمەتیدەر دەبێت لە خۆپاراستن و چارەسەرکردنی بەرزیی پەستانی خوێن، بەڵام هەندێک کەس پێویستیان بە بەکارهێنانی دەرمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە.

هاوکات پسپۆڕان باسلەوەدەکەن، پێویستە لە ماڵەکاندا، هەواگۆڕکێ هەبێت، یاخود ئەو کەسەی پەستانی خوێنی بەرزە، لە ژوورێکدا نەمێنێتەوە کە داخراوە و هەوا ئاڵوگۆڕ ناکات، هەروەها بەکارهێنانی قوماشێکی تەڕ لەسەر سەری کەسەکە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاساییبوونەوەی پەستانی خوێنی.

جگە لەوەش ئەگەر پەستانی خوێنت بەرز بوو، نابێت لەو کاتەدا وەرزش بکەیت یان لە شوێنێکی گەرمدا بمێنیتەوە، بەتایبەتی لە هاویندا و راستەوخۆ لەژێر تیشکی خۆر، هەروەها چێشتلێنان، جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحول و قاوەش لەوکاتەدا زیانبەخشن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share