ناوەندی دیجیتاڵی DMC ئاشکرایکرد، ژمارەیەک هێرشی ئەلیکترۆنی پێگە سەرەکییەکانی تورکیای کردووەتە ئامانج لەناویاندا سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا.
ناوەندەکە ڕایگەیاندووە، ژمارەیەک هێرشی ئەلیکترۆنی لە عێراقەوە پێگە سەرەکییەکانی تورکیایان کردووەتە ئامانج لەوانەش پێگەی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، پێگەی فەرمیی ئەنادۆڵو، پێگەی کۆمپانیای فڕۆکەوانی سەربە سوپای تورکیا.
ڕاگەیەندراوەکە ئاشکرایکردووە، هێرشەکە لەجۆری DDoS attack بووە و گروپی ALtahrea Team بەرپرسیارێتییان لە هێرشەکە ڕاگەیاندووە، هێرشەکە لە خاکی عێراقەوە بووە و وەک گروپەکە دەڵێن، ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییە لەژێرناوی “مەروان ئێزدی”دا بووە و وەڵامدانەوەیە بۆ هێرشی کلیل چنگ-ی تورکیا لە هەرێم.
ماوەی چەند ڕۆژێکە توکیا ئۆپەراسیۆنی کلیل چنگی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامداوە.
بەڵام وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەو وتانەی ئەردۆغانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، هیچ هەماهەنگییەکیان لەوبارەیەوە لەگەڵ تورکیا نییە.