کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ: بەڵگەکانی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا بەردەوام زیاتر دەبن

میشێل باشلیە ڕێکخەری کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە لایەنەکانی شەڕ لە ئۆکرانیا کرد ڕێزی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆڤایەتییەکان بگرن، ئاماژە بۆ زیاتربوونی بەڵگەکانی تاوانی جەنگ دەدات لەو وڵاتە.

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، هێرشی ڕوسیا، ئۆکرانیای ڕووبەڕووی قەیرانی مافی مرۆڤ کردووەتەوە و ژیانی هاوڵاتییانی سڤیلی لەسەرتاسەری وڵاتەکەدا وێران کردووە، لە ماوەی هەشت هەفتەی جەنگدا مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە پشتگوێخراون.

کۆمسیۆنەکە باس لەوەدەکات، هێزە چەکدارەکانی ڕوسیا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ناوچەکانی چڕی دانیشتووان بۆردوومان دەکات، بووەتەهۆی کوشتنی هاوڵاتییانی سڤیل، ڕوخاندنی نەخۆشخانە، قوتابخانە و سەرجەم شوێنەکانی دیکەی ژێرخانی ئەو وڵاتە.

ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بۆ بۆردوومانەکەی 8ی نیسانی کراماتۆرسکی ئۆکرانیا دەکات بۆسەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی 60 کەس و برینداربوونی 111 هاوڵاتیی سڤیلی ئۆکرانی.

کۆمسیۆنەکە دەڵێت، ئەو هێرشە ئاماژەیە بۆ ڕێزنەگرتن و ڕەچاونەکردنی مافەکانی مرۆڤ و بنەما مرۆڤایەتییە نێودەوڵەتییەکان.

بەپێی داتاکانی کۆمسیۆن مافەکانی مرۆڤ تائێستا پێنج هەزار و 264 هاوڵاتیی سڤیل لە ئۆکرانیا بوونەتە قوربانی لەو ژمارەیە دوو هەزار و 345یان گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 919ی دیکەیان برینداربوون.

لەگەڵئەوەی جەختدەکاتەوە لە ژمارەیەکی زۆر زیاتری قوربانی لە ڕاستیدا بەتایبەت لەو ناوچانەی کوشتاری هەڕەمەکییان تێدا ئەنجامدراوە، وەک ماریۆپۆل.

بابەتی پێشتر

ئەم 10 خۆراکە ئارامتدەکەنەوە و پشووت پێدەدەن

بابەتی دواتر

لەوەڵامی هێرشەکەی تورکیا لە هەرێم هاککەرانی عێراقی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتە دەکەنە ئامانج

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share