قائیمقامیەتی سلێمانی ئاشکرایدەکات، دوای سێ ساڵ لە ناشتنی درەختەکان و خزمەتکردنیان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە ڕادەستی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی دەکرێتەوە.
ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 19 ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، ” لەئایندەیەکی نزیکدا ڕووبەرێکی فراوانی چیای گۆیژە بە سەوزی دەبینرێت و دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی کەمپینی سەوزکردنی شاخی گۆیژە، قۆناغی دووەم کە بریتییە لە ناشتنی نەمامەکان دەستیپێکردووە و لەچەند رۆژی داهاتودا تەواوی ئەو ڕوبەرەی بۆ کۆمپانیاکان دەستنیشان کراوە بەنەمامە جۆربەجۆرەکان سەوز دەکرێت”.
قائیمقامی سلێمانی ئاشکرایکرد، “بۆپاراستنی درەختەکان لەسوتان، بەدرێژی شەقامی چیاکە تەلبەند دەکرێت و رێگە بەچونە ناو درەختەکان نادرێت، بەڵام لە قەراغی شەقامەکە جۆرەها درەختی دیکە دەروێنرێت بۆ ئەو گەشتیار و میوانانەی بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان ڕوولەچیاکە دەکەن”.
شەوی 5 ی ئەیلوول بەهۆی ئاگرێکەوە بەشێک لە شاخی گۆیژە سوتا و هەزاران درەختی شاخەکە سوتان و زیانیان پێگەیشت، لە ئێستادا چەندین کۆمپانیا و ڕێکخراو ئامادەییان دەربڕیووە قەرەبووی سوتانەکە بە ناشتنی درەختی تازە بکەنەوە و پەرەی زیاتریش بە سەوزای شاخەکە بدەن.