لێپرسراوی كۆمیتەی ئامێدی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، هاوڵاتییانی قەزای ئامێدی بژێويی ژیانیان لەسەر گەشتیارییە و بۆردومانەكانی سوپای توركیا زیانی بە بژێويی تەواوی هاوڵاتییانی سنوورەكە گەیاندووە.
هاوار ئامێدی، لێپرسراوی كۆمیتەی ئامێدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، سوپای توركیا ژمارەی هێزەكانی لە چەند ناوچەیەكی سنووری قەزای ئامێدی زیادكردووە و بەشێكی ئەو هێزانەی لە چەند ناوچەیەكدا جێگیركراون بە هەلیكۆپتەر لە فڕۆكەخانەی بامەڕنییەوە هێندراون كە لە فڕۆكەخانەكە هێزی سوپای توركیای تێدا جێگیركراوە و توركیا بەردەوام گۆڕانكاری لە ژمارەی سەربازەكانی لەو فڕۆكەخانەیە دەكات.
لێپرسراوی كۆمیتەی ئامێدی یەكێتی وتی، ” بەشێكی زۆری هاوڵاتییانی سنووری قەزای ئامێدی و ناحیەی شیلادزێ بژێويی ژیانیان لەسەر گەشتوگوزار و كشتوكاڵە و بەهۆی بۆردومانی چەند ڕۆژی ڕابردووی فڕۆكەجەنگییەكانی توركیاوە هاوڵاتییانی سنوورەكە زەرەرمەندبوون و ترسی دڵەڕاوكێی بۆ تەواوی هاوڵاتییان لەو ناوچانە دروستكردووە”.
ئاشكرایكرد، “تائێستا بۆردومانی ناوچە سنوورییەكان لەلایەن فڕۆكەجەنگییەكانی توركیاوە بەردەوامە”.