چێوەی هەماهەنگی دەڵێت، لێكنزیكبوونەوە لە گفتوگۆكاندا لەئارادایە و لەئێستادا تاوتوێی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دەكەن.
شەوی ڕابردوو یەكێتی، چێوەی هەماهەنگی و ھاوپەیمانیی عەزم كۆبوونەوەیەكی باڵایان ئەنجامدا و تیایدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ڕێگەچارەی دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسی لە وڵات خرایە بەرباس و بۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.
ئەحمەد موسەوی، سەركردە لە چێوەی هەماهەنگی دەربارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند، لێكنزیكبوونەوەی گەورە بەمدواییە لەنێوان چێوەی هەماهەنگی، كورد و هاوپەیمانیی عەزم هاتووەتە ئاراوە و گفتوگۆكانی ئێستا دەربارەی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانە، كە ئایا لەڕێی گەورەترین فراكسیۆنەوە بێت یان بە سازان لەنێوان فراكسیۆنەكان.
وتیشی، “شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران خراوەتەبەردەم فراكسیۆنی سەدر و پێشبینی دەكرێت لەماوەی چەند ڕۆژی كەمی داهاتوودا یان لە كۆتایی مانگی ڕەمەزان دەرچەیەكی سیاسی بێتە ئاراوە”.
شەوی ڕابردوو بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد بەشداریکرد لە کۆبوونەوەی لوتکەی چێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانیی عەزم.
لایەنەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ تەنگژە سیاسییەکان کردەوە، کە پێویستی بە سازشی ھەموو لایەنەکان و ھێزە نیشتمانییەکان ھەیە لەپێناو بەرژەوەندیی ھاوڵاتیان و بەردەوامبوون لە سەرخستن و خستنەڕووی نەخشەڕێگایەک، کە ببێتە ھۆی کرانەوەی پرۆسەی سیاسی و بەرەو ھەنگاوی کرداریی پێکھێنانی حکومەت و زامنکردنی داواکاریی خەڵک.