مایكڵ ڕۆبن: پێویسته‌ ئه‌مریكا له‌دژى چاوترسێنكردنه‌كانى بارزانى بوه‌ستێته‌وه‌

مەسعود بارزانی و مایكڵ ڕۆبن

توێژەرێكی ئەمریكی دەڵێت، به‌شێك له‌ به‌رپرسانى ڕابردوو و ئێستاى ئه‌مریكا پێگه‌ى خۆیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ماڵى بارزانى به‌كارهێناوه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانیان و دەڵێت، پێویسته‌ رێگه‌نه‌درێت ترس له‌ بارزانى ببێته‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ داهاتووى عێراقدا بكه‌ونه‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

مایكڵ ڕۆبن، نوسەر و توێژەری ناسراوی ئەمریكی لە وتارێكی نوێیدا كە لە سایتی ( The National Interest) بڵاوكراوەتەوە دەڵێت، ماوه‌ى نزیكه‌ى 20 ساڵه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ڕێگه‌یداوه‌ ترسى له‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى كاربكاته‌ سه‌ر داڕشتنى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى له‌ عێراق.

دەشڵێت، له‌ ساڵى 2018 كاتێك هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق ئه‌نجامدرا هاوشێوه‌ى ئێستا چه‌ندین مانگى خایاند تاوه‌كو سه‌رۆكى په‌رله‌مان، سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌ڵبژێردران. له‌ ئێستادا هێزه‌ سیاسییه‌كانى عێراق له‌ پشت په‌رده‌وه‌ سه‌رقاڵن به‌ بابه‌تى سیاسى، له‌كاتێكدا دیپلۆماتكاره‌كانى ئێران و ئه‌مریكا هه‌ریه‌كه‌ و به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ن ئه‌و كاندیدانه‌ ببه‌نه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ هاوپه‌یمان و هاوسۆزى ئه‌وانن و له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌وان ڕێده‌كه‌ن.

“له‌كاتى قه‌یرانى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ له‌ ساڵى 2018 برێت مه‌كگۆرك، نێرده‌ى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئه‌مریكا بوو له‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش. به‌هۆى ئه‌زموونى كاركردنى له‌ عێراق و په‌یوەندییه‌ فراوانه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى عێراق سه‌رۆك تره‌مپ و مایك پۆمپه‌یۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وكاتى ئه‌مریكا پشتیان پێبه‌ستبوو له‌ داڕشتنى سیاسه‌تى ئه‌مریكا له‌ عێراق. له‌وكاته‌دا ئه‌مریكییه‌كان، ئه‌وروپییه‌كان، عه‌ره‌ب و ئێرانییه‌كان سه‌رجه‌میان كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌تواناترین و له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌ گونجاوترین كاندیده‌ بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق، به‌ڵام مه‌كگۆرگ داواى له‌ سیاسییەكانی عێراق كرد فوئاد حسێن هه‌ڵبژێرن. ده‌ستكه‌وت و تواناكانى فوئاد حسێن زۆر سنووردار بوون و عێراقییه‌كانیش خۆیان كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌”، مایكل ڕۆبن وادەڵێت.

ئاماژەشدەدات، به‌ وته‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا بوونیان هه‌بووه‌، هۆكارى مه‌كگۆرك بۆ داواكارییه‌كه‌ى ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنى هه‌ر كه‌سێك جگه‌ له‌ پیاوه‌كه‌ى بارزانى ده‌بێته‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى بارزانى پشێوى له‌ سنوورى عێراقدا بنێته‌وه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ خه‌م و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ نه‌بووه‌ له‌وكاته‌دا، چونكه‌ ساڵێك به‌رله‌وه‌ مه‌سعود بارزانى، هۆشیار زێبارى خاڵى و مه‌سرور بارزانى كوڕى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆییان له‌ هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ئه‌نجامدا.

لە درێژەی وتارەكەدا هاتووە، بۆ ماوه‌ى نزیكه‌ى 20 ساڵ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێمه‌ ڕێگه‌یداوه‌ ئه‌و ترسه‌ى كه‌ له‌ ماڵى بارزانى هه‌یه‌تى ببێته‌ هۆكارى داڕشتنى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ عێراق. به‌شێك له‌ به‌رپرسانى ڕابردوو و ئێستاى حكومه‌تى ئه‌مریكا پێگه‌ى خۆیان له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ماڵى بارزانى به‌كارهێناوه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانیان. چه‌ندین دیپلۆماتكار و به‌رپرسى سه‌ربازى ترى ئه‌مریكا له‌م كاره‌وه‌ تێوه‌گلاون كه‌ ده‌یڤێد پێترایۆس، فه‌رمانده‌ى هێزى 101ى ئاسمانى یه‌كێكه‌ له‌وانه‌.

مایكڵ ڕۆبن ڕوونیشیدەكاتەوە، “له‌كاتێكدا به‌رپرسانى ترى عێراق له‌ به‌غداد چاویان به‌ به‌رپرسانى باڵاى ئه‌مریكا ده‌كه‌وێت، به‌ڵام بارزانى داوایان لێده‌كات سه‌ردانى بكه‌ن له‌ كۆشكه‌كه‌یدا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شاخه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌ولێر. بابه‌ته‌كه‌ واده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بارزانى وایكردووه‌ ئه‌مریكییه‌كان حسابى بۆ بكه‌ن، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ ئاسووده‌كردنى ئیگۆ و هه‌ستى خۆبه‌به‌رپرس زانینى بارزانی-یه‌”.

ئەو توێژەرە ئەمریكییە پێیوایە، ئه‌م جۆره‌ له‌ حسابكردن بۆ بارزانى سوود به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا ناگه‌یه‌نێت. ڕوسییه‌كان سوود له‌ نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان ده‌بینن. مه‌سعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى ڕێگه‌یان خۆشكردووه‌ بۆ ئۆپەراسیۆنه‌كانى سوپاى پاسدارانى ئێران. مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى ئێستاى هه‌رێمى كوردستانیش له‌نێو ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى ئه‌مریكادا به‌وه‌ ناوبانگى ده‌ركردووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ داواى مافى نیشته‌جێبوون ده‌كات له‌ ئه‌مریكییه‌كان بۆ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى و كه‌سه‌ نزیكه‌كانى له‌ ئه‌مریكا.

باوەڕی خۆیشی نیشاندەدات بەوەی، ئه‌م جیاوازیكردنه‌ هیچ سه‌قامگیرییه‌كى هه‌رێمى دروستنه‌كردووه‌. دوو دەیە له‌دواى كه‌وتنى ڕژێمه‌كه‌ى سه‌دام حسێن تاوه‌كو ئێستا عێراق پێویستى به‌ به‌هره‌ى نوێ هه‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى. ده‌سەڵاتخوازییه‌كانى ماڵى بارزانى و به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنه‌كانى ئه‌مریكا بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتخوازییه‌یان وایكردووه‌ ئه‌م به‌هره‌مه‌ندییە نه‌دۆزرێته‌وه‌، چونكه‌ بووه‌ته‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى وا ده‌ربكه‌وێته‌ كه‌ ته‌نیا بارزانییه‌كان تواناى ئه‌م كاره‌یان هه‌یه‌.

نووسەرە ئەمریكییەكە نمونەش دەهێنێتەوە و دەڵێت، یه‌كێك له‌ نمونه‌كانى ئه‌م بابه‌ته‌ بریتییه‌ له‌و ڕووداوه‌ى كه‌ له‌سه‌ر سنوورى بیلارووسیا روویدا. له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى 2021 چه‌ندین هاووڵاتى كورد چوونه‌ بیلارووسیا و زۆرێكیشیان له‌وێ مردن ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌یانویست له‌وێوه‌ سنوورى پۆڵه‌ندا ببڕن و بچنه‌ ئه‌وروپا. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى چه‌ندین كورد له‌ كه‌ناڵى ئینگلیز خنكان ته‌نیا مانگێك له‌دواى ڕووداوى یه‌كه‌م. ئه‌مانه‌ له‌ شه‌ڕ ڕایاننه‌ده‌كرد، به‌ڵكو له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانى ڕژێمه‌كه‌ى بارزانى ڕایانده‌كرد. ئه‌م خێزانه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌نده‌ڵن كه‌ ته‌نانه‌ت پشتیوانه‌كانى موقته‌دا سه‌در كه‌ به‌وه‌ ناسراون زۆرینه‌ى كات له‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ تێوه‌ده‌گلێن ڕه‌خنه‌ له‌ سه‌در ده‌گرن كه‌ هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ بارزانى پێكهێناوه‌، چونكه‌ پێیانوایه‌ بارزانى گه‌نده‌ڵه‌.

دووپاتیشیدەكاتەوە، ئه‌گه‌ر له‌ گۆشه‌یه‌كى پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌رى بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ین، ئه‌وه‌ ڕوونه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2003ه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا هه‌ر پشتیوانییه‌ك بۆ خێزانى بارزانى جا له‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بووه‌ته‌ هۆكارى دروستكردنى ئارامى له‌ عێراق. چه‌ندین هۆكار هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵح بگیرێت وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ خه‌ڵكى شاره‌كه‌ى خۆشى (سلێمانى) ڕه‌خنه‌یان لێگرت و ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجامدا، به‌ڵام له‌ كۆتایدا ئه‌مریكا به‌ به‌ختبوو كه‌ ساڵى 2018 پشتیوانییه‌ ژێربه‌ژێرییه‌كانى مه‌كگۆرگ بۆ بارزانى شكستیان هێنا، چونكه‌ مه‌حاڵبوو فوئاد حسێن بتوانێت عێراق به‌و هه‌موو قه‌یران و خۆپیشاندان و كێشانه‌ى دواى كوژرانى قاسم سلێمانى و بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا به‌ڕێوه‌به‌رێت. هه‌رگیزیش نه‌یده‌توانى له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى عێراق به‌ره‌وپێشه‌وه‌ به‌رێت وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ به‌رهه‌م ساڵح ئه‌نجامیدا. له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش زیاتر، هه‌رگیز لایه‌نگره‌كانى بارزانى به‌ چاوێكى ڕاستگۆییانه‌ سه‌یریان نه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن مه‌زهه‌ب، كه‌سایه‌تیى سیاسى و چینه‌كانى ترى عێراقه‌وه‌.

مایكڵ ڕۆبن لە كۆتایشیدا دەڵێت، له‌ ئێستادا برێت مه‌كگۆرگ، ئه‌لینا ڕۆمینۆویسكى، باڵیۆزى تازه‌ هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریكا له‌ عێراق و به‌رپرسانى تر له‌ كۆشكى سپى، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌، وه‌زاره‌تى به‌رگریی (پێنتاگۆن) و ده‌زگاى هه‌واڵگرى ناوه‌ندیى (CIA) كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى عێراق خۆى سه‌قامگیر بكات و بكه‌وێته‌سه‌ر ڕێڕەوێكى ئابوریى سه‌قامگیر. له‌م كاته‌دا پێویسته‌ ڕێگه‌نه‌ده‌ن كه‌ ترسیان له‌ بارزانى ببێته‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ داهاتووى عێراقدا بكه‌ونه‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

بۆ خوێندنەوەی وتارەكە بە زمانی ئینگلیزی كلیك لێرە بكە.

بابەتی پێشتر

تورکیا: بە هاوکاری دۆستانمان ئەم هێرشەمان دەستپێکرد

بابەتی دواتر

ئۆکرانیا هەنگاوێکی گرنگ بەرەو یەکێتیی ئەوروپا دەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share