فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان داوادەكەن كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت و پرسی هەڵبژاردن یەكلابكرێتەوە لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بەڵام بە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ و حزبی شیوعی بەپێویستیان زانی “پەرلەمان کارابکرێتەوە و لەو چەقبەستووییە دەربچێت كە تێیكەوتووە”، داوای كۆبوونەوەی پەرەلمان دەكەن.
شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند، پەرلەمان لە ئاستێکی باڵادا پەکخراوە و هەریەکە لە پارتی و یەکێتیش یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە پەكخستنەكە.
عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریش داوایکرد کۆبوونەوەی پەرلەمان ڕێکبخرێت و لەو چەقبەستووییە دەربچێت.
فراکسیۆنی نەوەی نوێش هۆشداریی دا و دەڵێت، “تا کۆتایی مانگی ڕەمەزان مۆڵەت دەدەینە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەگەر پەرلەمان سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن کۆنەبێتەوە ڕێکاری مەدەنیی دیکە دەگرینەبەر”.
فراکسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن هۆشداریشیاندایە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کە دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە و یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، ئەگەر ئەوە نەکرێت خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدەن.