توركیا بنكەی نوێی دانا
پارتی هێزی زۆری ڕەوانەی شیلادزێ و ناوچەكانی گەریلا كرد

شەوی ڕابردوو لەگەڵ بۆردوومانکردنی ناوچەکانی ناحیەی دێرەلوک و شیلادزێ لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە، لە سنووری قەزای ئامێدیش چوار بنکەی سەربازیی نوێی سەربازانی تورکیا دروستکراون.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە دهۆک گواستیەوە، سوپای تورکیا شەوی ڕابردوو لەڕێگەی هێڵیکۆپتەرەوە سەربازەکانیان گواستووەتەوە بۆ بنکە نوێیەکانی تورکیا لە دێرەلوک و شیلادزێ.

بنکە سەربازییەکانی تورکیا کە شەوی ڕابردوو دروستکراون ژمارەیان چوار بنکەیە و دەکەونە چیای کورەژار، ئەشکەوتی برینداران، گوندی سیتە سەر بە دەڤەری نێروە و رێکان و هەروەها دەڤەری دۆسکی ژووروو.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، شەوی ڕابردوو لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا، پارتی هێزێکی زۆری ناردووەتە ناحیەی شێلادزێ و لەوێ جێگیرکراون.

میدیاكانی پەكەكەش جووڵەپێكردنی هێزیان لەلایەن پارتییەوە ئاشكراكردووە و دەلێن، بەرەو ناوچەكانی گەریلا جووڵەیان پێكراوە.

شەوی ڕابردوو وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کلیل چنگی لە هەرێمی کوردستان دژی پەکەکە ڕاگەیاند و هەپەگەش ئاشکرایکرد ئەو فڕۆکانەی هێرش دەکەنەسەر زاپ لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە دەفڕن.

بابەتی پێشتر

ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا پارتیی ناچاركرد ڕاگەیەندراوێكی بسڕێتەوە

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ و سبەینێ خۆڵبارین دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share