بەهۆی تەقەی سەربازانی توركیاوە لە سنووری برادۆست گەنجێكی كورد شەهیدكرا.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا دوێنێ لە گوندی (بەرمیزە)ی هەرێمی كوردستان هێزەكانی سوپای توركیا دەستڕێژی گولـلەیان لە سێ هاوڵاتی كردووە و لە ئاكامدا یەكێكیان بەناوی (تەحسین عومەر) شەهیدبووە.
بە وتەی دانیشتووانی گوندەكە قوربانییەكە تەمەنی 20 ساڵە و چەند ڕۆژێك پێشتر ژیانی هاوژینی پێكهێناوە.
ئێوارەی هەینی-ش سوپای توركیا لە هەرسێ گوندی “دیلا، مالماڵۆک و مەیدان”ی سەر بە ناحیەی سیدەكانی قەزای سۆران لە هەولێر، 12 كەسیان دەستگیركرد و لەكاتی دەستگیركردنەكەدا ئەشكەنجە دران.
دانیشتووانی ناوچەكە وتویانە، چوون بۆ لێكردنەوەی گیای بەهاری، بەڵام سوپای توركیا ڕێگریی لێكردوون، بەشێكیان هەڵاتوون و سوپاكەش تەقەی لێكردوون و ژمارەیەك ئەسپی هاوڵاتییان كوشتووە.
شەوی ڕابردووش بۆ ماوەی زیاتر لە دوو كاتژمێر فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانێكی چڕی چیای “کورەژار”یان لە سنووری ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی ئەنجامدا.