سەردانەكانی بارزانییەكان بۆ توركیا و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، بەتایبەت بینین و گفتوگۆ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و هەروەها سەرۆك و بەرپرسانی دەزگای “میت”، بەردەوام جێی مشتومڕ و گومان بووە، لەمساڵدا بارزانییەكان سێ جار چوونەتە توركیا.
تەنها لەمساڵدا و لە مانگی دووەوە، نێچیرڤان بارزانی دوو جار و مەسرور بارزانیش یەك جار سەردانی توركیایان كردووە.
گومانەكانی سەردانی بارزانییەكان بۆ توركیا دوو سەرچاوەی سەرەكییان هەیە، یەكەمیان پەیوەندیی بە پرسێكی ئەمنیی نەتەوەییەوە هەیە، كە ئەویش ئەگەری هێرشی سەر پەكەكە و داگیركردنی زیاتری خاكی باشووری كوردستانە، دووەمیشیان پرسی سامانی سروشتی و نەوت و غازە.
نێچیرڤان بارزانی، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، لە دووی شوباتی 2022دا بە سەردانێكی ڕانەگەیەندراو لە ئەنكەرە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كۆبۆوەوە، كە بە پێچەوانەی سەردانەكانی پێشتری بووە و میدیاكانی پارتی و تەنانەت میدیاكانی نزیك لەخۆی و ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم-یش هیچ زانیارییەكیان لەبارەی ئامانجی سەردانەكەی بڵاونەكردەوە.
لە 11ی ئازاردا، نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی دیپلۆماتی ئەنتاڵیا سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ ئەردۆغان كۆبووەوە و هاوشێوەی كۆبوونەوەكەی مانگی شوباتی هیچ زانیارییەكی ناو كۆبوونەوەكە نەزاندرا و بڵاونەكرایەوە.
15ی ئەم مانگەش مەسرور بارزانی، كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم كوردستانە، بەسەردانێكی ڕانەگەیەندراو سەردانی توركیای كرد، تەنانەت میدیاكانی حكومەت و پارتی تا ئەو كاتەی نەگەیشتە توركیا، هیچ زانیارییەكیان بڵاونەكردەوە.
لەو سەردانەیدا مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان كۆبووەوە، بڵاوكردنەوەی وێنەی كۆبوونەوەكەیان و شێوازی دانیشتنی شاندەكان و هەروەها پرسی دانەنانی ئاڵای كوردستان، مشتومڕی میدیاكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا، چونكە لە كۆبوونەوەكەدا ئاڵای كوردستان دانەنرابوو.
شێوازی دانیشتنی هەردوو شاندەكەش جێی ڕەخنە بوو، لە ڕووی پڕۆتۆكۆڵییەوە دانیشتنی ئەردۆغان لەگەڵ مەسرور بارزانی و تیمی حكومەتی هەرێم، هاوشێوەی دانیشتنی بەڕێوەبەر بوو لەگەڵ فەرمانبەرەكانی، بۆیە هەرزوو میدیایاكانی حكومەتی پارتی وێنەكەیان سڕییەوە.
پرسێكی دیكەی جێسەرنج لەبارەی سەردانەكەوە، بەشداریی هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای میتی توركیا بوو لە كۆبوونەوەكەدا.
ڕۆژنامەی هابەرلەری توركیا بڵاویكردووەتەوە، سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ توركیا پەیوەندیدار بووە بە پرسی پەكەكە و وزەوە و ئامادەبوونی هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا بە پلەی یەكەم پەیوەندیی بەئۆپەراسیۆنێكی نوێی سەربازیی توركیاوە هەیە بۆ سەر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و فراوانكردنی هێرشەكانیان لە هەرێمی كوردستاندا.
بەپێی زانیاریی میدیا توركییەكان، لە سەردانی پێشتری مەسرور بارزانیدا بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو، بەڵام لە كۆبوونەوەكەی دوێنێ هەینی ئامادە نەبووە، بەڵكو هاكان فیدان كە سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیایە لە كۆبوونەوەكە بەشدارە .
لە 26ی مانگی ڕابردووشدا كۆما جڤاكێن كوردستان – كەجەكە ئاشكرایكردبوو، پارتی و دەوڵەتی توركیا ڕێككەوتوون بە هاوبەشی هێرشبكەنە سەر گەریلا و هۆشدارییان لەو بارەیەوە دا.
لایەنێكی دیكەی گومانداری و جێمشتومڕی كۆبوونەوەی بارزانییەكان لەگەڵ بەرپرسانی توركیا، پرسی وزە و غازی سروشتییە.
بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی دوێنێ وەك ئەوەی باسكراوە، پەیوەندیدار بووە بە پرسی هەناردەكردنی گازی سروشتیی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و ڕێككەوتنی هەردوولا لەسەر ئەو پرسە.
پارتی ویستی هەیە هاوشێوەی نەوت، غازی سروشتیش هەناردەی توركیا بكات، بەڵام ئەو پرسە لای زۆربەی لایەنەكانی دیكەی كوردستان ڕەتكراوەیە و نایانەوێت غازیش بە دەردی نەوت ببرێت و شێوازی ناردن و فرۆشتنەكەی داهاتی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان بێنێت.
هەروەها سەردانەكەی مەسرور بارزانی، هاوكاتە لەگەڵ هەوڵ و ویستی حكومەتی عێراق، كە دەیەوێت بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێبكات و پرسی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەڕووی داهات و شێوازی فرۆشتنەوە بگۆڕێت، بەشێوەیەك كۆمپانیایەكی تایبەت بە نەوت لە هەولێر دابمەزرێنێت و خۆی سەرپەرشتی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگای ئەو كۆمپانیایەوە بكات.