سەرۆكی چین پەیامێك ئاراستەی جیهان دەكات

شی جین بینگ، سەرۆكی چین

سەرۆكی چین ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی دەبێتە پێشەنگی ئابوریی جیهانی و ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان و كۆمپانیاكانی جیهان دوپاتدەكاتەوە.

شی جین بینگ، سەرۆكی چین ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەم وتی، كرانەوە وادەكات هەر دەوڵەتێك هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت لەكاتێكدا دابڕان ڕێگری لێدەكات.

وتیشی، “هیچ وڵاتێك ناتوانێت گەشەبكات ئەگەر دەرگاكانی بە داخراوی بهێڵێتەوە”.

ئەو وتانەی سەرۆكی چین ئەمڕۆ لەمیانەی كردنەوەی لوتكەی “مونتەدای هەماهەنگی ئابوری ئاسیا و زەریای هێمن”دا بوو.

شی جین بینگ ئەوەشی خستەڕوو، “چین بەهێزەوە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم وڵات و ناوچە و ئەو كۆمپانیایانە دەكات كە خواستی هەماهەنگییان هەیە. ئاڵای كرانەوە و هەماهەنگی بە بەرزی دەهێڵینەوە”.

سەرۆكی دووەم گەورە هێزی ئابوری لە جیهان دوپاتیشیكردەوە كە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن “ئەو پێشڕەوەن كە گەشەی جیهانی بەڕێوەدەبن” لە جیهانێكدا كە بەدەست “ئالنگارییە جۆراوجۆرەكانەوە” دەناڵێنێت.

وتەكانی سەرۆكی چین دوای ئەوە دێت وڵاتەكەی هەفتەی ڕابردوو پەیماننامەی لەگەڵ 14 وڵاتی دیكەی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن ئەنجامدا، لە گەورەترین ڕێككەوتنی بازرگانی ئازاد لە جیهاندا.

لوتكەی ئەمساڵی مونتەدای هەماهەنگی ئابوری ئاسیا و زەریای هێمن (ئیبیك) بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەڕێی بازنەیەكی تەلەفزیۆنی داخراو ئەنجامدرا. مونتەداكە 21 وڵاتی سەر زەریای هێمن دەگرێتەوە، كە لەنێوانیاندا دوو گەورەكەی ئابوریی جیهان هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و چین هەن.

لەم چەند ساڵەی دواییدا چین بووەتە بزوێنەری سەرەكی ڕێكخراوەكە پاش ئەوەی واشنتن لە چەندین ڕێكخراوی هاوشێوە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ،ی سەرۆكدا كشایەوە.

بابەتی پێشتر

مێسی دوای گه‌یشتنه‌وه‌ی بۆ به‌رشلۆنه‌ بێده‌نگی شکاند: بێزاربووم

بابەتی دواتر

سلێمانی.. بۆ یەکەمجار لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێگەی زانستی دەرمان لەناودەبرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share