سلێمانی.. بۆ یەکەمجار لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێگەی زانستی دەرمان لەناودەبرێت

لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەم، گرێبەستی نێوان سەندیکای دەرمانسازان و کارگەی چیمەنتۆی بازیان واژووکرد بەمەبەستی لەناوبردنی دەرمانی خراپ و ماوە بەسەرچوو.

لە ڕاگەیەنراوێکدا قائیمقامییەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، ” بەمەبەستی چارەسەرکردنی دەرمانی خراپ و ماوەبەسەرچوو بەشێوەیەکی زانستی، سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کارگەی چیمەنتۆی بازیان کرد کە بۆیەکەمجارە لەعێراق و هەرێمی کوردستان کاریپێدەکرێت”.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، “شێوازی چارەسەرکردن و لەناوبردنی دەرمانی خراپ و ماوەبەسەرچوو، لەڕێگەی فڕنی کارگەکانی چیمەنتۆوە ئەنجام دەدرێت، کە بەڕێگەیەکی زانستی دادەنرێت و ئێستا لەجیهاندا بەکاردەهێنرێت، چونکە هیچ پاشماوەیەکی نامێنێتەوە و کاریگەری لەسەر ژینگە دروست ناکات”.

ئەم گرێبەستە لەکاتێکدایە، پێشتر لیژنەکانی تەندروستی و کشتوکاڵی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە نوسراوی فەرمی داوایان لەکارگەی چیمەنتۆی بازیان کردوە هاوکارییان بکرێت بۆ لەناوبردنی ئەو دەرمانە خراپ و ماوەبەسەرچوو هەروەها ئەو مادە قڕکەرانەی لەلایەن لیژنەکانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.

لەساڵی (1970)وە لەجیهاندا كوره‌كانی كارگه‌ی چیمه‌نتۆ بۆ له‌ناوبردنی ده‌رمانی خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچوو له‌گه‌ڵ  ماده ‌قڕكه‌ره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی بەکاردەهێنرێت، ئەمە‌ش ڕێگەیەکی تەواو دروست و زانستییە، بۆ یەکەمجاریش  لە عێراق و هەرێمی کوردستان، سلێمانی بۆ له‌ناوبردن و چارەسەرکردنی دەرمانی خراپ و ماوه‌ بەسەرچوو‌، کورەکانی کارگەی چیمەنتۆی بازیان به‌كارده‌هێنێت.

بابەتی پێشتر

سەرۆكی چین پەیامێك ئاراستەی جیهان دەكات

بابەتی دواتر

بڕیارێک زیانی ملیۆنان دۆلاری بە بازرگانانی زێر لە هەرێم گەیاندووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share