وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا بڵاوکردەوە، ئەو بەشەی تایبەتە بە عێراق و هەرێمی كوردستان، دەستی لە ڕەخنەگرتن لە دۆخی مافی مرۆڤ نەپاراستووە، زۆربەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، بە پێشمەرگە و گروپە چەكدارەكانیشەوە، بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتباردەكات.
لەکاتی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ”پێویستە لەسەرمان سزا بەسەر هەر وڵاتێکدا بسەپێنین کە مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکات”.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەو پێشێلکارییانە کراوە کە وەك خۆیان نووسیویانە، لەلایەن حەشدی شەعبی، هێزە ئەمنییە عێراقییەکان، پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێن، سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی پشتڕاستکراوە تۆمەتبار دەکات.
ڕاپۆرتە ئەمریكییەكە ناوی “هێزەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی پۆلیس و هێزەکانی دیکەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها هێزەکانی ئاسایش، دەزگا هەواڵگرییەکان و ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان”ی هێناوە و دەڵێت، بەشدارن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان”.
لەبارەی عێراقیشەوە، ڕاپۆرتەکە باس لە هێزە ئەمنییەکان و بەتایبەت حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێت، “ئەو هێزە بەشێکە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەروەها لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی پاڵپشتیدەکرێن، بەڵام زۆرینەی کارەکانیان لە دەرەوەی کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە”.
ڕاپۆرتە ئەمریكییەكە وا باسی حەشدی شەعبی كردووە، كە “بەشێکی زۆر لە یەکەکانی ئەو هێزە لە ئێران و سوپای پاسدارانەوە فەرمان وەردەگرن، حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەشێوەیەکی گشتی پێشێلکاریی ڕوون و پشتڕاستکراوەیان ئەنجامداوە”.
سەبارەت بە پێشێلکارییەکان باسی لەوەکردووە، عێراق پێشێلکاریی پشتڕاستکارەوەی بەرامبەر خەڵکی سڤیل تێدا ئەنجامدەدرێت، لەوانە، کوشتنی نائاسایی، کوشتن لەدەرەوەی یاسا لەلایەن دەزگا و هێزە حكومییەكانەوە.
ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دۆخی زیندانی لە سەرتاسەری عێراقدا بە سەخت وەسفكردووە و دەڵێت، هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە، ئەوە جگە لەوەی باسی چەند پێشێلكارییەكی دیكە دەكات، لەوانە، گرتن و چاودێریکردنی نایاسایی، دەستێوەردانی نایاسایی لە کاری تایبەت، سزادانی ئەندامانی خێزانی تاوانبارەکان، بەسەربازکردن و بەکارهێنانی نایاسایی منداڵان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، دانانی ڕێکار و مەرجی مەترسیدار لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین و میدیاکان، لەناویاندا توندوتیژی یان هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەنووسان بە توندوتیژی، چاودێریکردن، مەرجی مەترسیدار بۆ ئازادیی ئینتەرنێت و دەستێوەردانی مەترسیدار لە ئازادییەکانی کۆمەڵگا و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بۆ پێشێلکارییەکان دژبە ژنان و منداڵانی عێراق دەکات، بەجۆرێک لە عێراق خراپترین شێوازەکانی کارکردن بە منداڵان هەیە. هەروەها توندوتیژی لەناو کامپەکانی ئاوارەکان و گەندەڵیی مەترسیدار و نەبوونی لێپرسینەوە لە ئەنجامدانی توندوتیژیی بەرامبەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.
ئەمە جگە لەوەی نەیشاردووەتەوە كە لە عێراق پێشێلکاری بەرامبەر پێکهاتە جیاوازەکان دەکرێت، هەروەها بەرامبەر ئەوانەی هاوڕەگەزخوازن، یان ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە، بەبێ ئەوەی ئەنجامدەرانیان ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.